حاجییە ئامینە حەسەن، دایکی شەهید سولەیمان مەعرووفی، لە گوندی “گردکشان”ـی سەربە ناوچەی لاجانی پیرانشار ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی سیشەممە ١ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، حاجیە ئامینە حەسەن، دایکی شەهید سولەیمان مەعرووفی، خەڵکی گوندی “گردکشان”ـی سەربە ناوچەی لاجانی پیرانشار، بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە کەسوکاری کرد و لەو گوندە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپەردە کرا.
شەهید سولەیمان مەعرووفی، لە گوندی گردکشان لە دایک بووە و ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی پەیوەست بووە بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و لە هێزی “ئاوارە” وەکوو پیشمەرگە چالاکیی کردوو و ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی، لە “سەرشیو”ـی سەربە شاری سەقز لە بەرگرییەکی قارەمانانەدا لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تادوا ساتەکانی ژیانی شەڕی کرد و لە ئاکامدا پەیوەست بوو بە کاروانی شەهیدانی کوردستانەوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بەبۆنەی کۆچی دوایی دایە ئامینە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و هەموو خەڵکی ناوچەی لاجان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.