بزاڤی رۆشنبیرانی نوێخواز بە هاوكاریی سەنتەری ئاڵا، كۆڕێكی ڕێزلێنانیان بۆ كار و بەرهەمەكانی “ڕەسووڵ سوڵتانی” شاعیر و وەرگێڕی بەتوانای کورد ڕێک خست.
ڕۆژی دووشەممە ٣٠گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، بزاڤی رۆشنبیرانی نوێخواز بە هاوكاریی سەنتەری ئاڵا، كۆڕێكی ڕێزلێنانیان بۆ كار و بەرهەمەكانی “ڕەسووڵ سوڵتانی” ڕێکخست، لە سەرەتای کۆڕەکەدا “ڕامیار جەوهەر” وێڕای بەخێرهێنانی میوانان، تیشكی خستە سەر ژیانی وەرگێڕ و بەرهەمەكانی و دواتر وەرگێڕ ڕەسووڵ سوڵتانی ئاوڕی لە گرینگیی وەرگێڕان و زمان و ئەركی وەرگێڕ و خوێنەر دایەوە.
پاشان كامەران تاهیر بابەتێكی لەسەر وەرگێڕانەكانی ڕەسووڵ سوڵتانی پێشكەش كرد، لە تەوەری سێیەمی ڕێوڕەسمەكەدا دكتۆر محەمەد خدر مەولوود، بابەتێكی بە ناوی ڕەسووڵ سوڵتانی (پیاوێک لە وشە) پێشكەش كرد، كە تێیدا ئاوڕی لە زەحمەت و كار و بەرهەمەكانی ناوبراو دایەوە.
ڕەسووڵ سوڵتانی ساڵی ١٣٥٥ی هەتاوی، له گوندی حاجیلهکی سهر به شاری بۆکان له دایک بووه و ساڵی ٧٨ له زانکۆی پەیامی نووری بۆکان بهکالۆریوسی له زمان و ئهدهبی فارسی وهرگرتووه، ساڵی ٨٤ی هەتاوی، پهڕیوهی باشووری کوردستان بووه و له چاپهمهنی و بهشهکانی راگهیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا کاری کردووه و شەش ساڵێكیش پێشکهشکاری (کوردکاناڵ)ی حیزبی دیموکراتی کوردستان بووە و له گۆڤارهکانی باشووری کوردستانیشدا وهک (کاروان، رامان، ئاینده، ئایدیا، بیاڤ، چلاواز، وێران، ٢٣، گزینگ، ههڵبوون، راڤه)دا بابهتی بڵاو کردووهتهوه و له ساڵی ٨٨ی هەتاوییەوه زمانەوانە لە رۆژنامەی هەولێر و له ساڵی ٩١ی هەتاوییەوە وهک شارەزای زمانهوانی هاوکاری دهزگای توێژینهوه و بڵاوکردنهوهی موکریانییه و زیاتر لە ٥٠ کتێبی کردووهته کوردی وخزمەتێکی زۆری بە زمان و ئەدەبیاتی کوردی کردووە.