لە قۆناغێکی هەستیارا
لە ژێر بەرداشی ڕۆژگارا
لەنێو تەوژمی ئاستەنگا
لە گۆمێکی قووڵ و مەنگا
لە چارەنووسی نادیارا
لە قوڕگی هەژدیها و مارا
ئەو کاتەی دوژمنی بەدفەڕ
خافڵ نەبوو لە فێڵ و گەڕ
پەتای کۆنی لێکدابڕان
بێباوەڕی و لێکترازان
قینەبەری و لێکتووڕەبوون
لە یەک سووربوونەوە و هەڵچوون
وەکوو زێڵووی تینوو بە خوێن
دژی سوڵح و ئاشتی تەرێن
دیسان سەری هەڵدایەوە
کۆنە ناسۆر کولایەوە
شەوەی شەوی ئەنگوستەچاو
گرتی قورگی کۆرپەی هەتاو
کەوتینەوە ڕۆژێکی ڕەش
حیزبەکەمان بوو بە دوو بەش
ئەو ڕووداوە زیانبارە
ئەو ڕەوتە چەوت و لاسارە
ئەو لەتبوون و ترازانە
ئەو پێکەوە نەسازانە
تیر بوو درا لە جەرگی کورد
جەستەی حیزبی بریندار کرد
بێمتمانەیی و لاساری
دڕدۆنگیی هێنا بەدیاری
کاسەی سەبری کرد سەرەوبن
ئاوی کردە ئاشی دژمن
ناسۆری کۆنی دەردە کورد
ڕێگای ڕاستی بۆ هەڵدێر برد
نەیاری کوردی کرد خەنی
بەکرەشۆفار پێی پێکەنی
کەمی مابوو خەباتی گەل
نسکۆ بەرێ و نەگاتە کەل
***
بەڵام ئەزموونی ڕابردوو
تێپەڕینی خولی مێژوو
چەندین بەڵگەی ئاشکرا و ڕوون
خەسارناسی و لێکحاڵیبوون
دەرسێکی لە نوێی فێر کردین
بەرەو هەموارە ڕێی بردین
ئەو ئەزموون و دەرس و وانە
پێی گوتین: ڕۆژی تەنگانە
کورد هەر یەکە و نابێ بە دوو
نابێ بە خۆی خۆش کا عەدوو
ئەو پەندەم هاتەوە بەرچاو
خوێن هەر خوێنە و نابێ بە ئاو
وتەی بەرزی پێشینانە
برا نابێ بە بێگانە
سەرکەوتن هەر بە یەکبوونە
دوژمن لە ئاستی زەبوونە
ڕێ چارە هەر یەکگرتنە
یەکیەتی هۆی سەرکەوتنە
ئەگەر یەک بین و یەک گرین
وەک یەک بژین، وێکرا بمرین
قەت نابەزین و نانەوین
دڵنیا بن سەردەکەوین
***
ئێستا جێگای شانازییە
سەربەرزی و سەرفیرازییە
بە هەوڵی دڵسۆزانی گەل
تریفەی دا ئەستێرەی کەل
دووبەرەکی لە گۆڕ نرا
هەموومان بووینەوە برا
بەختی کوردان هەستایەوە
مێژووی لە نوێ نووسرایەوە
بۆ یەک ئامانج و یەک هەدەف
هەموو ڕاوەستاوین بە سەف
بە تێڕوانین لە ڕابردوو
بەوەی فێری کردین مێژوو
ئەوەی بۆ کورد بە پەرۆشە
ئەوەی هاودەنگیی پێخۆشە
بەپێی پەیمان و یەک بەڵێن
بە یەک زار و زمان دەڵێن:
بژی سەر لە حاندا یەکی
بە نەحلەت بێ دووبەرەکی
***
بەو هەڵوێستە دڵسۆزانە
بەو ڕەوتە ئاشتیخوازانە
کەژ و کێو دەنگی دایەوە
هیوای گەلم بووژایەوە
دڵسۆزی کورد پێی بوو خەنی
دوژمن لە ئاستی ڕاچەنی
ئەژنۆی شکا و نێوکی کەوت
هومێد بڕا و، بەختی خەوت
بەهرەی نەدا تەون و کری
“ڕیسەکەی بۆوە بە خوری”
***
منیش بە تاسە و سۆزەوە
بە هەستێکی پیرۆزەوە
دەڵێم ئۆخەی گەیمە ئاوات
دوو باڵی حیزبی دێموکرات
بەرانبەر دوژمنی بەدکار
بوونەوە یەک بە یەک وتار
هاتەوە بیرم پەندی پیر
گەیشتە ئەنجام بیری ژیر
“زستان ڕۆیی و گوڕەی بڕا
ڕووڕەشی بە خەڵووز بڕا”
کۆیە_قەڵای دێموکرات
١ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی