حیزبی تەزامۆنی ئەهواز “عەرەبستانی ئێران” بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزبی دێموکرات برووسکەی پیرۆزبایی خۆی پێشکەش بە حیزب کرد.
ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، حیزبی دێموکرات لە ڕیوڕەسمێکی بە شکۆدا ڕایگەیاند کە هەردوو لایەنی دێموکرات یەکیان گرتووەتەوە و مزگێنی یەکگرتنەوەیان بە خەڵک دا، هەر بەو بۆنەوە حیزبی تەزامۆنی ئەهواز “عەربستانی ئێران” برووسکەی پیرۆزبایی خۆی پێشکەش بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
حیزبی تەزامونی ئەهواز لە برووسکەی پیرۆزباییەکەیدا وتی: ئێمە ئەو هەنگاوە مەزنە لە خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان پیرۆز دەکەین، حیزبی دێموکرات حیزبێکی نەتەوییە و بۆ مافی ڕەوای خەڵکی خۆی خەبات و تێکۆشان دەکا کە پاش شازدە ساڵ دابڕانی دوو حیزبی دێموکرات، ڕێککەوتننامەیەک لە نێوان هەردوو سکرتێری دێموکراتەکان واژۆ کرا و بەڕێز مستەفا هیجری بوو بە سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەڕێز خالید عەزیزیش بوو بە وتەبێژی گشتیی ئەو حیزبە و لە ژێر ناو و لۆگۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان دەدەن.