ئەندامان ولایەنگرانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی یەکگرتنەوە ویەکڕیزیی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات لە شاری سەردەشت، شادی و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ، دڵسۆزان و ئەندامانی حیزب، بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٧ــەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزب و هەروەها جێژنی یەکگرتنەوە و یەکڕیزیی هەر دوولایەنی دێموکرات و پاش بانگەواز و ئاگادارکردنەوەی خەڵکی نێوخۆی ڕۆژهەڵات لەلایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتەوە سەبارەت بە یەکڕێزی و یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات، پێشوازیی گەرمیان لە هەڵوێستی بوێرانە ومێژووی دوو لایەنی دێموکرات سەبارەت بە یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان کرد و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.
لەلایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای سپاس و دەسخۆشی لە ئەندامان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات لە هەموو شارەکانی کوردستان، هێوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ بە ئاوات دەخوازین.