لە سنووری “ماشکید”ـی سەربە پارێزگای بەلووچستان، ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و خەڵکی ئەو ناوچەیە ڕوویداوە و بەو هۆیەوە دوو کەس لە هێزەکانی ڕێژیم کوژران.
بەپێی هەواڵی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لە سنووری “ماشکید”ـی سەربە پارێزگای بەلووچستان، هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەڵیانکوتاوەتە سەر هاوڵاتییانی ئەو ناوچەیە و شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە ڕووی داوە و لە ئاکامدا دوو کەس لە هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم کوژراون.
ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە یەک کاتژمێری خایاندووە و هاوڵاتییەکی بەلووچ بەو هۆیەوە گیانی لە دەست داوە.
لە درێژەی ئەو هەواڵەدا هاتووە کە، ٢٧کەس لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە سنووری “ماشکید” هەڵیانکوتاوەتە سەر هاوڵاتییانی ئەو سنوورە و بۆ ماوەی یەک کاتژمێر شەڕ و تێکهەڵچوون ڕووی داوە کە لە ئاکامدا دوو کەس لە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژراون و هاوڵاتییەکی بەلووچیش بەناوی “سەمیع جان ڕیگی” گیانی لە دەست داوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە لە ئارادا نییە و ناوی کوژراوانی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمیش بڵاو نەکراوەتەوە.