ئەندامان ولایەنگرانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی یەکگرتنەوە ویەکڕیزیی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات لە شاری سنە، بە بڵاوکردنەوەی نوقڵ شیرینی لە نێو شار و هەروەها جێژن گرتن لە ماڵی خۆیاندا ئەو یەکگرتنەیان پیرۆز کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، شەوی ٢٩ی گەڵاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی،دڵسۆزان و ئەندامانی حیزب، بە بۆنەی جێژنی یەکگرتنەوە و یەکڕیزیی هەر دوولایەنی دێموکرات و پاش بانگەواز و ئاگادارکردنەوەی خەڵکی نێوخۆی ڕۆژهەڵات لەلایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتەوە سەبارەت بە یەکڕێزی و یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات، ئەندامان ودڵسۆزانی حیزبی دێموکرات لە شاری سنەی سەربەرز و هەمیشە دێموکرات، بە بڵاوکردنەوەی نوقڵ و شیرینی و جێژن و شایی لە ماڵەکانی خۆیاندا پێشوازیی گەرمیان لە هەڵوێستی بوێرانە ومێژوویی دوو لایەنی دێموکرات سەبارەت بە یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان کردووە.
ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە نێو شاری سنە بە بڵاوکردنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە و هەروەها دەربڕینی هەستی خۆشی لەڕادەبەدەری خۆیان پەیمانی وەفادارییان لەگەل حیزبەکەی پێشەوا قازی محەممەد، دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و هەزاران شەهیدی حیزب و گەل نوێ کردەوە.
لەلایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای سپاس و دەسخۆشی لە ئەندامان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات لە شاری سنەی خۆڕاگر، هێوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ بە ئاوات دەخوازین و حیزبی دێموکراتیش لەگەڵ هەموو شەهیدانی کوردستان و خەڵکی بەئەمەگی کوردستان پەیمان نوێ دەکاتەوە کە تا گەیشتن بە ئاوات وئامانجەکانی گەلی کورد لە خەبات و تێکۆشان ڕانەوەستێ.