ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل دەڵێن: بەرپرسانی دەوڵەتی بایدن، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە پێوەندییەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلی، ئیسرائیلیان دڵنیا کردۆتەوە کە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی هیچ جۆرە باج و ئیمتیازێکیان بە ئێران نەداوە.
ماڵپەڕی والانیوز، ڕۆژی شەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لەزاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکاییەوە لە کۆشکی سپی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە، کۆشکی سپی لەماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا بە ناردنی پەیامگەلێکی دڵنیا کەرەوە بۆ دەفتەری سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە ئێستاش کەلینگەلێک لە وتووێژ ناوکییەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەر ماوە و چاوڕوان ناکرێ کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕێککەوتنی ناوکیی لە نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهانیدا واژۆ بکرێ، بەڵام ئێمە ئیسرائیل دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ جۆرە باج وئیمتیازێکی نوێ بەمەبەستی بووژاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی بە ڕێژیمی ئێران نادرێ.
لەلایەکی دیکەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وتوویژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلجەزیرە، ئەو قسە و باسانەی سەبارەت بەوەیکە ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ئیمتیازگەلێکی نوێی بەو وڵاتە داوە ڕەت کردەوە و وتیشی، ئێمە بۆ بووژاندنەوەی رێککەوتنی ناوکیی هیچ جۆرە باجێک بە ڕێژیمی ئێران نادەین.
هەرلەم پێوەندییەدا فەرەیدوون عەباسی، نوێنەری مەجلیسی رێژیمی ئێران و بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی رێژیمی ئێران وتی: خەڵکی ئێران نابی هیوادار بن کە بە خێراترین کات ڕێککەتنی ناوکیی لەنێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهانیی واژۆ بکرێ و باری گوزەران و بژیوی خەڵکی لە ئێران خۆش دەبێ و هەروەها وتیشی وڵاتانی ئورووپایی وئەمریکا دەیانهەوێت هێزی ڕێژیمی ئێران لە جیهان کەم بکەنەوە.