لە شاری دێولان، ڕێز لە بەشداربوانی “کێبەرکێی داهێنەرە بچووکەکان” گیرا.
لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ، لە شاری دێولان، ڕێز لە بەشداربوانی “کێبەرکێی داهێنەرە بچووکەکان” گیرا، “فەرید ڕاژین” بە نوێنەرایەتی کاناڵی منداڵانی کوردستان، چەند وتەیەکی پێشکەشی منداڵان و بەشداربووان کرد.
کاناڵی تلێگرامیی منداڵانی کوردستان و ناوەندی نووسەرانی کوردستان، لە ڕۆژانی ١٧ پووشپەڕ تاکوو ٢٤ی پووشپەڕی ئەمساڵ بۆ ماوەی حەفتەیەک، “کێبەرکێی داهێنەرە بچووکەکان”ی وەک چالاکییەکی هاوینانە، بۆ وێنەکێشان و چیرۆکنووسیی منداڵان وەڕێخست. کە لەلایەن منداڵانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا و نزیک بە حەفتا منداڵ، لە هەموو تەمەنەکاندا، بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد.
منداڵان لە ڕێگەی تلگرامەوە بەرهەمەکانی خۆیان بە کوردی، فارسی و هەروەها نەقاشییەکانی خۆیانیان بۆ کاناڵی منداڵانی کوردستان هەنارد، پێشتر لە چالاکیی نەورۆزانەی کاناڵەکەدا، منداڵان بەپیری کاناڵی منداڵانەوە هاتن، بەڵام ئەم جارە وەک کێبەرکێیەکی داهێنەرانە بۆ منداڵان جووڵەیەکی هونەریی تایبەتی لەنێو منداڵاندا وەڕێ خست.
ئاستی داهێنان، نووسین و وێنەکێشیی لەلایەن منداڵانەوە دڵخۆشییەکی گەورە بوو کاتێک کە زۆر هێمای کوردەواریی لە بەرهەمەکاندا بەدی دەکرێت و هەروەها لە ڕوانگەی پەروەردەییەوە، بەرهەمەکان شیاوی خوێندنەوەی تایبەتن.
لەم کێبەرکێیەدا هەموو منداڵانی بەشداربوو خەڵات کران.