دوو کەسایەتیی سیاسیی ئەمریکایی بە ناوەکانی ” جۆزێف لیبرمەن و مارک واڵاس” داوایان لە دەوڵەتی جەو بایدن و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کردووە کە ناوی خامنەیی بخرێتە لیستی تێرۆرەوە.
ڕۆژی هەینی ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، جۆزێف لیبرمەن، بەرپرسی ڕێکخراوی uani (یەکیەتی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی) و مارک واڵاس، بەڕێوەبەری گشتیی ئەو ڕێکخراوەیە، لە ڕاگەیەنداروێکدا، داوایان لە دەوڵەتی جەو بایدن و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کردووە کە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بخرێتە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە، لەبەر ئەوەی لە سەردەمی دەسەڵەتداریی خامنەییدا بەسەر ئێران، ئەو ڕێژیمە بە بەردەوامی کەسانی بیانی بەدیل گرتووە، لە بەندیخانەکانی ئێران ڕایگرتوون و تەنانەت هەوڵی هێرشی تیرۆریستیی لە ئورووپا و ئەمریکاش داوە.
داواکاریی ئەو دوو کەسایەتییە سیاسییە، لەسەر یاسای ژمارەی ۱۳۲۲۴ی دەوڵەتی ئەمریکا بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر و تێرۆریستان پێشکەش بە دەوڵەتی جەو بایدن و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کراوە و داوایان کردووە کە لە یاسا نێونەتەوەییەکان بە زووترین کات پەسەند بکرێ.