ناوەندی فۆڕ کورد، بەمەبستی پاڵپشتی کردن لە چوار بەندکراوی سیاسیی کورد، داوای هاوکاریی وپاڵپشتیی لە ڕێکخراوە وناوەندە مافی مرۆییەکان دەکا.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیە
کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخواز
ناوەندەکانی مافی مڕۆڤ و لایەن و ناوەندە سیاسیەکانی جیهان
هەر وەک ئاگادارن لەماوەی مانگی ڕابردوودا چوار چالاکی سیاسیی کورد لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کۆماریی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ناوچەی سۆما و برادۆست سەر بە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەر کراون و هەتا ئەم چرکەیە هیچ زانیارییەک لەسەر باری تەندرووستی و ژیانی ئەم چوار مرۆڤە ئازادیخوازە لەبەردەست دا نییە.
لە هەموو گرینگتر دامودەزگا ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی سازدانی سنارێۆگەلێکی پوچ و بێ بنەمان دژ بەم چوار چالاکوانە سیاسیە کوردە و لەوانە هەوڵدان بۆ خستنە پاڵی تۆمەتی هاوکاری و پەیوەندییان بە دەزگا ئیتلاعاتی و سیخوڕییەکانی وڵاتانی دژبەری کۆماریی ئیسلامیە کە ئەمە هەوڵێکی نامرۆڤانەی ڕێژیمە بۆ سەرکوت و ئەشکنجەی هەرچی زیاتری چالاکانی سیاسی و مەدەنی. هەر وەها ڕێژیمی تاران هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی سیستماتیک هێرش بکاتە سەر بزووتنەوەی مافخوازانە و ڕەوای گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەمە نیگەرانیەکان بە نیسبەت سەرکوت و لە ناوبردنی فیزیکی زیاتر دەکات.
ناوەندی فۆڕ کورد وێڕای پاڵپشتی لەم چوار بەندکراوە سیاسیە و بنەماڵەکانیان هەوڵی چڕو پڕ دەدات بۆ گەیاندنی دەنگیان بە ناوەندە جیهانیەکانی مافی مرۆڤ و کۆڕ و کۆمەڵە جیاجیاکان و لە هەمان کاتدا کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسی پاراستنی گیان و سڵامەتیان دەزانێت و هەر چەشنە ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرە ملی دژ بە یاساکانی مافی مرۆڤ و کۆنوانسیۆنە جیهانیەکانی داکۆکیکار لە زیندانیان سیاسیی دەزانێت.