لە درێژەی پەیوەستبوونی لاوانی کورد بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی دێموکراتەوە،پۆلێکی دیکە لە لاوانی خوێنگەرم و بەئەمەگی کوردستان دەورەی فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانیان بە سەرکەوتوویی تێپەڕاند و پەیوەستبوون بە ڕیزی تێکۆشان و خەباتی ئەو حیزبەوە.
پاش نیوەڕۆی ڕۆژی ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕێوڕەسمێکی پێشمەرگانەدا و بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە بۆنەی کۆتاییهاتنی دەورەی ٢٤٨ی فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پۆلیکی دیکە لە لاوانی دڵسۆز و بە ئەمەگی نیشتمانەکەمان لە ڕیوڕەسمێکی پێشمەرگانەدا هاتنە ڕیزی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتەوە.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە ڕێژەی پێشمەرگانە و خوێندنی سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و چەند ساتێک بێدەنگیی بۆ ڕیزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستیپێکرد،پاشان بەڕێز پێشەوا عەلیپوور، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان وتەکانی خۆی بە پیرۆزبایی ٢٥ی گەلاوێژ و یادی ٧٧ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و پیرۆزبایی کۆتاییهاتنی دەورەی ٢٤٨ی فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگە لە پێشمەرگەکانی دەورەکە دەستپێکرد و چووە سەر شیکردنەوەی قۆناغە مێژووییەکانی حیزبی دێموکرات و ئەو کاریگەرییانەی کە لەسەر بیر و هزری نەتەوەی کورد دایناوە و ئەو چەمک و پیرۆزیی و هێماگەلەی وەکوو ئاڵا، سروودی ئەی ڕەقیب،ناوی پیرۆزی پێشمەرگە و ئەو خۆباوەڕییەی کە حیزبی ٧٧ساڵەی دێموکرات بە کۆمەڵگەی کوردستان و تاک بە تاکی کوردی بەخشیوە و ئەرک و بەرپرسیارەتیی پیشمەرگەی بۆ بەشداربوان و پێشمەرگە تازەکان شیکردەوە.
بەڕێز عەلیپوور لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕەوتی سەرکوت و هەوڵی سڕینەوەی ناو و ناسنامەی کورد و بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی ئەم گەلە لە لایەن رێژیمە یەک لەدوای یەکەکانی ناوەندگەرای پاشایەتی و کۆماری ئیسلامییەوە کرد و کۆماری کوردستان و کاریگەریی ڕێبەرانی حیزب، “پێشەوا، قاسملوو و شەرەفکەندی” و خەباتی ٧٧ ساڵەی حیزبی دێموکرات و خۆڕاگریی پێشمەرگەکان و خەڵکی کوردستانی لە بەرانبەر هەر داگیرکارییەکدا بەرز و پیرۆز و جێگای بایەخ نرخاند.
ناوبراو هەروەها لە نێوئاخنی باسەکەیدا باسی لە فەلسەفەی پیشمەرگایەتی و چەک و پێنووس و چۆنییەتیی بەرەنگاریی وشیارانە و سەردەمیانە لە بەرانبەر دوژمندا و ئەرکی پێشمەرگەکانی ئەم دەورە کە کۆتاییهاتنی دەورەکەیان هاوکاتە لە گەڵ یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و ئەمەش ئەرکەکانیان قورستر دەکا کرد.
جێگای ئاماژەیە کە ڕێوڕەسمەکە بە شیعر و سروودی پێشمەرگەکانی دەورەکە ڕازێندرابووەوە و کۆتایی ڕیوڕەسمەکەش بە هەڵپەڕکێ و شایی بەشداربوان کۆتایی هات.