بەرپرسانی کرماشان دەڵێن ١٨٠٠ پڕۆژەی نیوەچڵ لەو پارێزگایە هەیە کە تەواوکردنیان ٢٠ هەزار میلیارد تمەنی دەوێ، ئەوەش لە حالێک دایە کە بودجەی بەشی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای کرماشان لە ساڵی ڕابردوودا تەنیا 800 میلیارد تمەن بووە.
چاوەدێرانی سیاسی دەڵێن هەندێ لەو پڕۆژە نیوەچڵانەی پارێزگای کرماشان زیاتر لە ١٠ سالە دەستیان پێکراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەو پشتگوێخرانیان سەرەڕای تەواوبوونی وادەی پێشوویان تەواو نەکراون.
ڕێگای ئاسنی ڕۆژاوا یەک لەو پڕۆژە نیوەچڵانەی کرماشانە کە ١٥ ساڵە دەستی بە کار کردوە، بەڵام ئێستاش سەدا ٣٠ ی کارەکانی نەکراوەو کاربەدەستان دەڵێن بۆ تەواوکردنی بەشی یەکەمی 50 میلیۆن دۆلاری پێویستە.
پاڵاوگەی ئاناهیتا پڕۆژەیەکی دیکەی پارێزگای کرماشانە کە نیزیک بە ١٥ ساڵە بڕیاری دروسکردنی دراوە، لێدانی ئەو پڕۆژەیە ساڵی ٨٥ لە ئەنجومەنی وەزیراندا پەسند کرا، بەڵام ساڵی دواتر ڕاگیرا. ئەو پڕۆژەیە ساڵی ٨٩ جارێکی دیکەش دەست بە کار بۆوە، بەڵام بۆ جارێکی دیکەش بە هۆکاری ناڕوون ڕاگیراوەو دەستی لێ هەڵگیراوە.
پڕۆژەی “تێلەکابین”ی کرماشانیش یەکێکی دیکە لەو پڕۆژانە بوو کە بە مەبەستی بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری لەو ناوچەیە بڕیاری دروستکردنی درا، بەڵام دوای ١٥ ساڵ کەس خۆی لێ بە سێحەب ناکا.
شوڕای شاری کرماشان دەڵێ بۆ لێدانی ئەو تێلێکابینە گرێبەست لەگەڵ شیرکەتی “دوپل مایر”ی ئوتریش ئیمزا کراوەو بڕی گرێبەستەکە ١٢ میلیارد تمەنەو سەدی ١٥ ی ئەو پووڵەشیان وەک پێشەکی دراوەتێ، بەڵام ئەو شیرکەتە ئوتریشییە ئێستاش بەلایدا نەهاتۆتەوە.
وەک بەرپرسی شوڕای شاری کرماشان دەڵێ بەوەندە پووڵە پڕۆژەکە جێبەجێ نابێو لە ئێستادا ٤٥ میلیارد تمەنی دیکەی پێویستە.
گوندی ئۆلەمپیکی کرماشان پڕۆژەیەکی وەرزشیی نیوەچڵی دیکە لە پارێزگای کرماشانە کە لە ساڵی ٨٦ ی هەتاوییەوە دەستی پێکراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە کارەکانی ڕاگیراوە.
بەرپرسی پڕۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزشو لاوانی پارێزگای کرماشان دەڵێ هەر بۆ تەواوکردنی مەلەوانگەی ئەو پڕۆژەیە 35 میلیارد تمەنو؛ بۆ تەواوکردنی ساڵۆنی ٦ هەزار کەسییەکەی گوندی ئۆلەمپیک زیاتر لە ٣٠ میلیارد تمەن پێویستە.
شایانی باسە پشتگوێخرانی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە لە پارێزگای کرماشان لە حاڵێک دایە کە ئەو پارێزگایە لە ڕووی بێکاری بەردەوام لە ڕیزی یەکەم یان دووهەمی پارێزگاکانی ئێراندا جێ دەگرێ.