هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی شنۆ لە کوێستانی میرحەسەن چەند خانووی بنەماڵەی شادابیان تەقاندەوە کە بۆ کاری بەخێوکردنی هەنگ لە بەهارانو هاویناندا کەلکیان لێ وەردەگرت.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستانو کورد بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، 2 ی جۆزەردان هێزێکی زۆری پۆشتەی رێژیم پێکهاتوو لە جاشو پاسدار چوونەتە کوێستانی میر حەسەن، بیانووی ئەو هێرشە تەقەی پۆلێک چەکداری نەناسراو لە هێزەکانی رێژیم بووەو ئەوانیش بە تۆڵەی ئەوە لە هەر شوێنو جێیەک دڕدۆنگ بوایەن بە ئارپیجیو دۆشکا دایان دەگرتو وێرانیان دەکرد.
هەر لە درێژەی ئەو “شەلم کوێرم ناپارێزم”ەی هێزەکانی رێژیمدا سێ خانووی بنەماڵەی ‘شاداب”ەکان کە بۆ بەخێوکردنو پێڕاگەیشتن بە هەنگەکانیان کەلکیان لێ وەردەگرتو، بەهارانو هاوینان تێیدا دەژیان، بە بۆمب تەقێندراونەتەوە.
شایانی باسە کە هێزەکانی رێژیم لەو هێرشو پەلامارەدا زیانو زەرەری مادییان لە خەڵکو ژینگەی ناوچەکە داوە.