رۆژی یەکشەممە ١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٢ زایینی بەرامبەر بە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ، ٧٧ ەمین ساڵوەگەری دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لە ولاتی بریتانیا یادێکی بەشکۆ بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی دوو لایەنی دێموکرات و نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی و ئێرانی لە لەندەن بە ڕێوە چوو.
سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب دەسپێکی ئەم یادە پیرۆزە بوو و پاشان بۆ رێز گرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان خولەکێک بێدەنگی لە لایەن هاورێ کەماڵ محەیدینی بەرێوەبەری مەراسمەکە ڕاگەیاندرا.
بەرێزیان وێرای بە خێرهاتنکردنی بەشداربوان و خویندنەوەی پەخشانێک لە ژێر ناوی یەک رۆژهەڵات، یەک دێموکرات ، داوای لە ئەدیسۆن فەرامەرزی بەرپرسی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا کرد کە پەیامی هاوبەشی دوو لایەنی دێموکرات پێشکەش بکات. بەرێزیان لە پەیامەکەیان دا بە ئاماژە بە رۆڵی حیزبی دێموکرات لە مێژووی جوڵانەوەی خەباتی ڕزگاریخوازی و نەتەوایەتی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و جەختی لە سەر پێویستی یەکڕیزی و پتەوترکردنی سەنگەرەکانی خەبات لە بەرامبەر رژیمی ئاخوندی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و …
پاشان داوا لە بەڕێز مەولوود سوارە ئەندامی رێبەری حیزب کرا کە بەم بۆنە پیرۆزە چەند وتەیەک لە پەیوەندی لەگەڵ یەکگرتنەوە دا پێشکەش بکات. بەڕێزیان گوتی بۆنەیەکی ئاوا بۆ من لەدایکبوونەوەیەکی دووبارەیە کە دوای ١٦ ساڵ دابران لە یەکتری، هاورێ و هاورێبازەکانمان بە یەکەوە دەبینم کە سەنگەرەکانیان لە دژی داگیرکەرانی کوردستان جارێکی تر قایم تر دەکەنەوە و ڕوحی شەهیدان قازی و قاسملوو و شەڕەفکەندی و سەدان گەورە ژن و پیاوی ڕێبازی دێموکرات کە لەم رێگەیە دا گیانیان فیدا کردووە شاد دەکەنەوە و رێبوارانیان دەست لە ناو دەستی یەک ، تێدەکۆشن یەکبگرنەوە.
بەرێزیان وێڕای ئاماژە بە گرینگی مکانیزمی حاوانەوە و یەکتر قەبووڵکردن و لەبەرچاوگرتنی ویستی هەرە زۆری بەدەنەی حیزب کە هەڵقوڵاوی داخوازی دۆستان و لایەنگرانمان لە ناوخۆی کوردستانەوەیە و دەبێ بە فڕێدانی هەموو ناکۆکی و دڵرەنجییەکان لە یەکتری، حیزبەکەی پێشەوا، کە بەهێزترین کەرەسەی گەیشتن بە مافە نەتەوایەتییەکانمانە و پێشرەوی ویست و داخوازییەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دایە بەهێزتر بکەین و وەک گلێنەی چاومان بیپارێزین.
لە کۆتایی دا وێرای ئیشارە کردن بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەو هەل و مەرجی ئێستا جەختی لە سەر گرینگی و ئەرکەکانی تاکی حیزب کردەوە و خوازیاری مەیدان کردنەوە بۆ ئەو کەسانە بوو کە دەیانهەوێت لە ریزی تێکۆشەرانی دێموکرات دا درێژە بە چالاکی بدەن و خۆیان ببینەوە.
بەرێز محەممەد ئێناخی بە نوینەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە چەند وتەیەکی هەستی خۆی بەم بۆنە پیرۆزە دەر بری و پاشان بە پێشکەشکردنی پەخشانێک کورەکەی زیاتر ڕازاندەوە.
لە برگەی تری بۆنەکە دا پەیامی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی و ئێرانی بەشدار بەم شێوەیەی خوارەوە پێشکەش کرا:
پەیامی بزوتنەوەی گۆڕان لە لایەن { شۆڕش حەمید } بەرپرسی ئەنجومەنی بزوتنەەی گۆڕان لە بریتانیا خوێندرایەوە.
پەیامی حیزبی خەلکی بلوچستان لە لایەن بەرێز ڕەحیم بندوویی
پەیامی شورای دێموکراسیخوازانی ئێران ڕەحیم بندوویی
یەکگرتوویی بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران سەعید گرگیج
پەیامی حیزبی ” تضامن دمکراتیک اهواز” لە لایەن بەرێز ویجدان عەفراوی
کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە لایەن بەرێز ویجدان عەفراوی
پەیامێک لە لایەن بەرێز دکتور “جمال نصاری پژوهشگر اهوازی از حزب تضامن دموکرات اهواز”
پەیامی ئەنجومەنی زیندانیانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن بەرێز یونس موکری
پەیامی یەکیەتیی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن بەرێز ئاکام عەزیزی
ئەو حیزب و لایەنانەی کە پەیام و بروسکەی خۆیان پێشکەش بە بەرێوەبەرانی بەرنامەکە کردبوو بریتی بوون لە :
پارتی دێموکراتی کوردستان
یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحەتکێشانی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان
جێگای ئاماژەیە کە کاک کەمال محەیدینی ئەندامی کۆمیتەی بریتانیا وەك بەڕێوەبەری مەراسمەکە چەند شێعر و پەخشانی شورشگێری پێشکەشی یادەکە کرد.
هەروەها کۆرەکە دڵخۆشی و گەرمو گوریێکی بەرچاوی بەشداربوانی پێوە دیار بوو و بە بەشداری هونەرمەندان هاوبیر و ئیبۆ میرا تا کۆتایی کاتی دیاریکراوو بە شایی و هەڵپەرکێ جێژنی یەکڕیزی و لەدایکبوونی حیزبی دێموکرات بە خۆشی کرایەوە.
هەروەها هەردووك لایەنی دێموکرات لە شاری شەفیڵد هەر ئەم ڕۆژە واتە ١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٢ بەرامبەر بە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمیتەی “بریتانیا”ی حیزب بەبۆنەی ٧٧ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی لە “والی کانتری” پارکی شاری “شەفێڵد” پێک هێنا.
کومیتەی هاوبەشی حدك و حدکا لە وڵاتی بریتانیا.
١٤ی ئاگوستی ٢٠٢٢