ئەنجومەنی ئەدەبی بۆكان بە بیانووی نەبوونی مۆڵەتی رەسمی پێش بە درێژەی چالاكیەكانی گیراوەو لە لایەن ئیتلاعاتەوە هەرەشە لە ئەندامانی دەکرێ.
لە ماوەی رۆژانی رابردوو دا، ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی پارێزگای ورمێ لە نامەیەكدا بۆ ئەندامانی بەرێوەبەری ئەنجومەنی ئەدەبی بۆكان، بە هۆی نەبوونی مۆڵەتی فەرمی لە ئیدارەی فەرهەنگو ئیرشاد، ڕێ لە درێژەدان بە چالاكیەكانیان گیراوە؛ ئەوە لە حاڵێک دایە کە ئەنجومەنی ئەدەبیی شاری بۆکان لە ساڵی ٧٣ ی هەتاوییەوە دامەزراوەو تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا ٥٢ کۆڕۆ کۆبوونەوەی لە شاری بۆکاندا بەڕێوە بردوە.
ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان بڕیار بوو لە ساڵی نوێدا چالاکییەکانی بە کۆڕێک لە سەر ژیانو بەرهەمە ئەدەبییەکانی مامۆستا حەسەن قزڵجی درێژە پێبدا، بەڵام لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا رێگری لە چالاکییەکانیان کراوە.