سەرۆكی ڕێكخراوی زیندانەكانی ئێران باسی لە گەڕانەوەی سەر لە نوێی سەدی ٤٠ تا سەدی ٤٦ی زیندانیان پاش ئازاد كرانیان بۆ زیندان كردووە. ئەم كەسانە یا دیسان ڕوو لە تاوانی پێشوویان دەكەنەوە یان ئەوەی كە بە تاوانێكی نوێ ڕێیان لە زیندان دەكەوێتەوە.
ئەسغەر جەهانگیر ڕۆژی دووشەممە 3ی جۆزەردان باسی لە پێویستیی سەرنجدان بە شێوازەكانی پێشگیری كردن لە تاوان كردوەو گوتوویەتی دەبێ ڕێكاری وا بەكار بێنن كە بتوانن ڕێژەی تاوانو لادانهکان لە كۆمەڵگادا كەم بكەنەوە.
هەواڵدەریی میزان لە زمان ئەم كاربەدەستە بەرپرسیارەوە نووسیویەتی سەدی ٤٣ی زیندانیان بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەسەر تاوانە پێوەندیدارەكان بە مادەی هۆشبەر گیراون كە بەم پێیە لە پلەبەندیی زیندانیان بە پێی تاوانەكانیان، پلەی یەكەمیان بۆ تەرخان دەكرێ.
لە لایەكی دیكەشەوە كۆمەڵە تاوانێكی دیكەش هەیە كە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ مادە هۆشبەرەكان لە پێوەندی دان كە بە قسەی جەهانگیر، “بە وەبەرچاو گرتنی ئەوان ئاماری زیندانیانی پێوەندیدار بە مادەی سڕكەر دەگاتە ئاستی سەدی ٧٠ كە ئەوەش ڕێژەیەكی یەكجار سەرسوڕهێنەرە.”
دزیو تاوانە ماڵییەكانو تاوان بەرامبەر بە خەڵك، لە پلەكانی دواتری خشتەی ڕیزبەندیی زیندانیان بەپێی تاوانەكان جێگیر كراون.
ئێران زیاتر لە ٢٠٠ هەزار زیندانی هەیە. ئەم ئاماره لە لایەن حەمیدڕەزا تەباتەبایی نایینی، سەرۆكی كۆمیسیۆنی قەزاییو حقووقیی مەجلیسی ئێران، لە ڕێكەوتی ٤ی بانەمەڕی ئەمساڵ ئامادە كراوە.
لە نێوان سەدی ٥٠ تا سەدی ٦٠ی ئەم كەسانە بۆ یەكەمین جار پێیان بە زیندان كراوەتەوە و سەرۆكی ڕێكخراوی زیندانەكانی وڵات وتوویەتی لە زۆربەی حاڵەتەكاندا، دەتوانن پێش بە گەیشتنی ئەم كەسانە بە زیندان بگرن. ناوبراو دەڵێ زیندانی كدنی كۆمەڵێك لەم كەسانە هیچ خزمەتێك بەم كۆمەڵگایە ناكا.
بەپێی ئامارەكان لە ٢ ساڵ لەمەوبەرەوە، سەدی ٧٥ی زیندانیانی ئێران پەڕاوێزنشینن و خەڵكی ناوچە هەژارەكانن. هێندێك جار بنەماڵەی ئەم كەسانە، تەنانەت زیاتر لە خۆشیان تووشی گێرە و كێشە و گرفتی جۆراوجۆر دەبن.