لەدڕێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی ڕێژیم ، ڕۆژی ڕابردوو ١٨ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لەشارە جیاجیاکانی ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، لەدرێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتدارانی گەندەڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ١٨ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارە جیاجیاکانی ئێران وەکوو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی لەشارەکانی خوڕەمئاوا، کرماشان، ئەهواز، شووش، ڕەشت، ئەراک و کرمان لەبەرەدم بینای ئیدارەی گشتیی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکانیان بەڕێوە چوو.
هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی” ئیران ئەیر” لەبەردەم بینای سەندووقی خانەنشینی هۆما لە تاران، خەڵکی گوندەکانی پارێزگای لوڕستان لەبەردەم بینای شۆرای گوندەکاندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، شۆفێری ماشێنە بارهەڵگرەکانی کرماشان، بەهۆی کەمیی کرێ بارەکانیان و هەروەها بارودۆخی خراپی ئابووریی و ژیانیان دەستیاندایە مانگرتنی گشتیی.