ڕۆژنامەنووسێکی لوبنانی بە ناوی “دیما سادق” دژکردەوەی بەرانبەر بە هێرشی سەر سەلمان ڕوشدی نیشان دا و لە تویتێری خۆی نووسی: خومەینی و قاسم سولەیمانی ئایاتی شەیتانن، ئەوەش بووە هۆی ئەوەیکە لەیەنگرانی حیزبوڵا هەڕەشەی لێبکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی “ڕۆیتێرز” ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر سەلمان ڕوشدی، دژکردەوەگەلێکی جیاوازی لێکەوتەوە و لایەنگرانی حیزبوڵای لوبنان لەو وڵاتە بە تایبەتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تایبەتیتر بە دژی ئەو نووسەر و ڕۆژنامەنووسانە هەڕەشە دەکەن و هێرشی توند دەکەنە سەر دژبەرانی ئەو هێرشە.
دیما سادق، ڕۆژنامەنووسی لوبنانی کە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتێر بە دژی ئەو هێرشە تێرۆریستییەوە نووسیبووی؛” خومەینی و قاسم سولەیمانی ئایاتی شەیتانن”، لەلایەن لەیەنگرانی خومەینییەوە لە لوبنان هەڕەشەی لێکراوە.
بەرپرسێکی باڵای حیزبوڵای لوبنان کە ناوی بڵاو نەکراوەتەوە بە “ڕۆیتێرز”ـی وت: لە بارەی ئەوەیکە هێرش کراوەتە سەر سەلمان ڕوشدی لەلایەن کەسێکی لوبنانییەوە، زانیارییەکی ئەوتۆم نییە و لە کۆتاییدا هیچ بۆچوونێکم نییە، بەڵام بەگشتی ئەو کەسانەی کە لایەنگریی لە خومەینی دەکەن بێ ئەوەی بزانن سەلمان ڕوشدی کێیە ئەو هێرشە بە ڕەوا دەزانن و قسەی لەسەر دەکەن، ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی ناوچەکەش کە دژایەتییان لەهەمبەر ئەو هێرشە دەربڕیوە لەلایەن ئەو کەسانەوە هەڕەشەیان لێکراوە.