ڕۆژی ١٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٢ کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئەمریکا بۆ بەرز ڕاگرتنی ٧٧هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەکەم حیزبی مۆدێرنی کوردی و جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ، ڕێوڕەسمێکی بە شکۆی بە بەشداری حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانیییەکان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە دەڤەری واشنگتۆن بەڕێوە برد.
سەرەتا لە لایەن خوشکە نەسرین کەریمی پێشکەشکاری بەرنامە بە خوێندنەوەی شیعرێک و بەخێرهێنانی ئامادەبووان رێوڕەسمەکە دەستی پێکرد. پاشان دەنگی سروودی نەتەوەیی و هەرمانی ئەی ڕەقیب هۆڵەکەی تەنییەوە و بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی و وەستان بە پێوە ڕێز لە یادی هەرمانی شەهیدانی گەل گیرا.
دواتر لە لایەن کاک جهماڵ مهحموودزاده ئهندامی کومیتەی حیزب، پەیامی کومیتە ئاراستەی ئامادەبووان کرا کە تێیدا ئاماژە بەمە کرابوو کە حیزبی دێموکرات هەمیشە وەک چەترێک هەموو سەلیقەکانی لە ژێر خۆی کۆ کردۆتەوە. هەروەها ئیشارەی بە یەکگرتنەوەی هەر دوو باڵی حیزبی دێموکرات کرد و ئاواتی ئەوەی خواست دواجار بەرەیەکی بەهێزی کوردستانی لە ڕۆژهەڵات ساز بکرێ!
پاشان کاک ناسر باباخانی نووسەر و مامۆستای زانكۆی نیشتهجێی ئهمریكا لە وتارێکدا باسی لە “لاساری و وێکهەڵکردنی تاکی کورد” کرد:
ئەدەبی زارەکی کوردی ئاوێنەی باڵانوێنی تایبەتمەندییەکانی تاکی کوردە و بۆ وێنە لە زۆربەی بەیتەکاندا کارەکتێری سەرەکی بە لاساری سەری خۆی بەفەتەڕات دەدا، هەندێ جار ڕەنگدانەوەی ئەم تایبەتمەندییە ئێستاشی لەگەڵدا بێ لە نێو کۆمەڵگای خۆماندا دەبینین. بۆیە پێویستە ئەم لاسارییە، بە وێکهەڵکردنە قەرەبوو کەینەوە، تابشتی بیری جیاوازی یەکتر بێنین.
مامۆستا ناسر لە کۆتایی قسەکانیدا وێڕای پیرۆزبایی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات کوتی: هیوادارم حیزبی دێموکراتی داهاتوو سەکۆیەک بێ بۆ دەربڕینی بیری جیاواز و نموونەیەک لە دێموکراسی کە تابشت هێنانی ڕەخنە بگاتە ئەوپەڕی خۆی.
دواتر کاک مراد ئەحمەدی فەرماندەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قسەکانیدا ئاماژەی بە یەکگرتنەوەی هەر دوو باڵی حیزبی دێموکرات کرد و یەکڕیزی و یەکدەنگی بە ڕەمزی سەرکەوتن لە قەڵەم دا.
دواوتار بێژی ڕێوڕەسمەکە کاک خەبات ئیبراهیمپوور بەرپرسی کومیتەی حیزب و بەپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەمریکا بوو. کاک خەبات کوتی یەکگرتنەوەی حیزب، هیوا و هومێدی خستۆتە ناو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە و ئەمەش ئەرکێکی قورسی خستۆتە سەر شانی تەواوی ئەو کەسانەی بەدڵ و دەروون دێموکراتن. ناوبراو کوتی: لەم ساتەوەختەڕا دەبێ هەموو تاکێکی حیزبی حەول بدا ناتەبایی و دووبەرەکی لەناو بەرێ و تەواوی توانای خۆی وەگەڕ بخا بۆ خەبات و ڕزگاری نەتەوەیی.
شایانی باسە لقی ٧ی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئەمریکا و کانادا و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان برووسکەی پیرۆزبایی خۆیان پێشکەشی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد.
لهم ئاهەنگەدا هونەرمەند كاك فایق عهبدوڵڵاهی بەشدارییهكی بەرچاو و سرنجڕاكێشی ههبوو به پێشكهش كردنی مۆسیقا.