دادگای تاوانەکانی شاری هەولێر، لەسەر پەروەندەی تیرۆری فەرماندەی شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان، “شەهید قادر قادری” دوایین بڕیاری خۆی ڕاگەیاند.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، ئەیاد کاکەیی پارێزەری پەروەندەی تێرۆری شەهید قادر قادری دوای تەواوبوونی دانیشتنی دادگا و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕوو بە میدیاکان ڕایگەیاند: سێ کەس لە تۆمەتبارانی تیرۆری شەهید قادر قادری، بەپێی بڕیاری دادگای تاوانەکانی هەولێر سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و دوو کەسی دیکەشیان سزای بەندکران بۆ ماوەی پێنج ساڵیان بۆ بڕاوەتەوە. بەڵام لەسەر داوای ئێمە و بەپێی ڕێوشوێنە یاساییەکان دادگا بڕیاریداوە کە ئەو دوو کەسەی دیکەش بە ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی سزا بدات.
بەڕێز ئەیاد کاکەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە ئێمە وەک پارێزەرانی ئەو پەروەندیە تانەمان لە بڕیاری دادگا دا و بڕیارەکە هەڵوەشێندرایەوە، چونکە ئەو کردەوەیە تەنیا کوشتن نییە و بەڵکو دەچێتە خانەی تێرۆرەوە. بۆیە داوامان کردوە لەلایەن دادگاوە بە ماددەی تیرۆر سزا بدرێن و دادگا بڕیاری دا هەردوو تۆمەتبارەکەی دیکەش بەپێی مادەی ٤٠٦ لە سزادانی عێراقی سزا بدرێن.
جێگەی ئاماژەیە کە شەهید قادر قادری خەڵکی شاری پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستانە و یەکێک لە فەرماندە و کادرە دیار و بەرچاوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە لەساڵی ٩٦ی هەتاوی لە گوندی هەرتەل و لە دۆڵی بالیسانی باشووری کوردستان لەلایەن بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامیی ئێروانەوە تێرۆر کرا.