ئەرتەشی ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا بنکە ومۆڵگەکانی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە سووریە کردە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، ئەرتەشی ئیسرائیل، شەوی یەکشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لە هێرشێکی ئاسمانیدا بنکە ومۆڵگەکانی میلێشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە دەمێشق پێتەختی سووریە و بەندەری تەرتووس کردە ئامانج، کە لەو هێرشەدا کۆگای چەکوچۆڵی حیزبوڵای لوبنان لەنێو چووە و ٣ کەسی سەر بەڕێژیمی بەشار ئەسەد کوژراون و سێ کەسی دیکەش بریندارن.
هەرلەم پێوەندییەدا هەواڵدەرییە حکوومەتییەکانی سووریە ڕایانگەیاندووە کە، ئەرتەشی ئیسرائیل بە مووشک دەورووبەری دەمیشقی کردۆتە ئامانج و هاوکات لە ڕێگەی دەریاوە بنکە وبارەگاکانی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە بەندەری تەرتووس بەخەستی مووشەکباران کردووە، کە بەوهۆیەوە خەسارێکی گەورە وەبەر میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کەوتووە.