برای بەڕێزم کاک عومەر ئێلخانیزادە!
لە گەڵ ڕێزو سڵاوی گەرم!
بە بۆنەی کۆچی دوایی باوکی بەڕێزتان حاجی سمایلئاغای ئێلخانیزادە، لە قووڵایی دڵەوە سەرەخۆشیتان لێ دەکەمو خۆم بە هاوخەمتان دەزانم. لە ڕێگای بەڕێزیشتانەوە سەرەخۆشیی خۆمو ڕێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستان پێشکەشی هەموو کچو کوڕەکانی ڕەوانشاد حاجی سمایلئاغاو تێکڕای کەسوکارو ئازیزانتان دەکەم.
حاجی سمایلئاغا، ڕاستە بۆ ئێوە باوکو گەورەی بنەماڵە بوو، بەڵام بە هۆی دڵسۆزیو نیشتمانپەروەربوونیەوە، بە تایبەتی بە هۆی بەڕێوەبردنی پۆستی وەزارەت لە کابینەی دەوڵەتی جمهووریی کوردستانداو وەفاداریو شانازیکردنی بەو ڕابردووەوە، جێگای ڕێزو خۆشەویستی هەموو لایەکمان بوو. هەر بۆیە بە ماڵاوایی یەکجارییشی ماتەمبار بووین.
ئەگەر چی حاجی سمایلئاغا وەدیهاتنی ئەو هیواو ئاواتانەی نەدیت کە زیاتر لە سی چارەگە چەرخ لە گەڵیان ژیابوو، بەڵام دڵنیام بە بەردەوامی هەموو لایەکمان لە سەر تێکۆشانو خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەمان لە بندەستی، سەرئەنجام ئاواتەکانی دێتە دی.
جارێکی دیکە هاوخەمیی خۆم لە گەڵ بەڕێزتان دووپات دەکەمەوە.
خالید عەزیزی
سکرتێری گشتیی
حیزبی دیموکراتی کوردستان
٣/٣/١٣٩٥
٢٣/٥/٢٠١٦