ئەندامێکی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور و چاڵاکی ژینگەپارێزی خەڵکی سەردەشت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیەوە دەسبەسەر و مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێرانی لەسەرە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، “محەممەد مەمەندزادە” تەمەن ٢٦ ساڵ و چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی سەردەشت و یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور لە شاری دەمرە سەر بە پارێزگای ئانتالیا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەسبەسەر و مەترسیی دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێرانی لەسەرە.
“محەممەد مەمەندزادە” دوو مانگ پێش و بە هۆی ئەوەی کە لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە گوشاری لەسەر بوو و چەندینجار بانگ کرابوو، زێدەکەی بەجێ هێشت و مەبەستی ڕۆیشتن بۆ ئورووپا ڕووی لە تورکیە کردبووە.
جێگای ئاماژەیە، “محەممەد مەمەندزادە” یەکێک لە چالاکانی میدیایی، مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی سەردەشتە کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێکراوە.
هەروەها هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم ئەمساڵ سێ جار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و ماڵەکەیان پشکنیوە.