پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات بەناوی “سۆفی کامران غەزەن” بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە لە ناوچەی سۆما و برادۆست کۆچیدوایی کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، مام سۆفی کامران غەزەن، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات کە لە ساڵەکانی ١٣٦٠ی هەتاویدا بەشداری لە خەبات و تێکۆشان کردووە، لە ناوچەی سۆما و برادۆست بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە کەسوکار و رێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکرات کرد.
مام سۆفی، لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی تا ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، وەکوو پێشمەرگەیەکی بە بیروباوەڕی کوردایەتی لە ڕێزەکانی حیزبی دێموکراتدا خەبات و تێکۆشانی کردووە و هەروەها برای شەهیدێکی ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکراتە بە ناوی شەهید “فەرزەندە کامران” و خەڵکی ناوچەی سۆما و برادۆستە بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە بۆ هەمیشە دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت و ماڵاویی یەکجاریی لە کەسوکار و ئازیزانی کرد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێرای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بە بۆنەی کۆچی دوایی “سۆفی کامران” پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ناوبرا و هەموو خەڵکی سۆما و برادۆست دەکەین خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.