بوونی ناوەندە بەناو ئایینیی و پەروەردەکردنی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی لە ئەمریکا هەڕەشەیەکی مەترسیدارە و ژینگەیەکی لەبارە بۆ پەروەردەکردنی تێرۆریزم.
ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، ماڵپەڕی “دیسپێچ”ـی ئەمریکایی لە بابەتێکدا ڕایگەیاند کە، بوونی ناوەندگەلی بەناو ئایینی و پەروەردەیی لایەنگرانی ڕێژیمی ئێران لە ئەمریکا کە پێی دەوترێ “سیاسەتی نەرم” هەڕەشەیەکی زۆر مەترسیدارە لەو وڵاتە لەبەر ئەوەی ڕێژیمی ئێران ئەو ناوەندە ئایینییانە وەکوو تۆڕی تێرۆریستی بەکار دێنێ و ئامانجی سەرەکیی تاران لەو ناوەندە پەروەردەکردنی تێرۆریستە.
لە درێژەی ئەو بابەتەدا وەکوو نموونە ئاماژە بە “ناوەندی پەروەردەی ئیسلامیی هیوستۆن” لە “تێکزاس”ـی ئەمریکادا کراوە کە، ناوەندێکی شیعەیە کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانە و پەیوەندییەکی زۆر نزیکیان لەگەڵ تاران هەیە و بۆ ئەو خەڵکانەی کە مەزهەبیان شیعەیە دابین کراوە و قوتابخانەیەکی تایبەتیش بەناوی “ئەلهادی”ـیان هەیە، هەموو ئەوانە ڕاستەوخۆ لە ژێر فەرمانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کاروبارەکانیان بەڕێوە دەچێ و بۆ دەوڵەتی ئەمریکا هەڕەشەیەکی مەترسیدارە لەبەر ئەوەی ئامانجی ئەو ناوەندە تەنیا پەروەردەکردنی تێرۆریستە و هیچی دیکە لە ئارادا نییە.