ئەمریکا لەهەمبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند؛ ئەگەر کۆماری ئیسلامی هێرش بکاتە سەر هاوڵاتییانی ئەمریکایی، ڕووبەڕووی کاردانەوەی توند دەبێتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، جەیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا لە دژکردەوەی بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هاوڵاتییانی ئەمریکایی لە شوێن و وڵاتە جیاجیاکانی جیهان، وتی: دەوڵەتی “جەو بایدن” بۆ پاراستنی هاوڵاتییانی خۆی هەموو ڕێگەیەک دەگرێتە بەر و ئەگەر ڕێژیمی ئێران بیهەوێ هێرشی تێرۆریستی بکاتە سەر هاوڵاتییانی ئەمریکایی بێگومان کاردانەوەی توندمان دەبێ و ڕێگەی نادەین تاران لەسەر هاوڵاتییانی ئەمریکایی کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام بدا.
سالیوان لە درێژەدا وتیشی؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی تۆڕە تێرۆریستییەکانیەوە لە جیهان هەوڵی تێرۆرکردنی هاوڵاتییانی ئەمریکایی داوە، بۆ نموونە هەوڵی داوە کە بەرپرسانی پلەبەرزی پێشووی ئەو وڵاتە تێرۆر بکا و هەروەها بە هەڕەشەی تێرۆریستییەکانی لە جیهاندا نائارامی و نا سەقامگیری دروست کردووە و دەبێ کۆمەڵگەی جیهانی بەنیسبەت کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران بێ دەنگ نەبن و دەوڵەتی ئەمریکا بەهەموو شێوەیەک کاردانەوەی توندی لە بەرانبەر هەنگاوی تێرۆریستی تاران دەبێ ئەگەر هێرش بکاتە سەر هاوڵاتییانی ئەمریکایی.