دۆخی تەندروستیی “ئیسماعیل محەممەدپوور” بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار لە بەندیخانەی نەغەدە ناجێگیرە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی گەڵاوێژی١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا رایگەیاند کە، بەندکراوی سیاسیی کورد “ئیسماعیل محەممەدپوور” تەمەن٤٨ ساڵ خەڵکی پیرانشار لە بەندیخانەی نەغەدە باری تەندرووستی ناجێگیرە و پێوێستی بە پێراگەیشتنی پزیشکی هەیە. بە پێی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو بەندکراوە سیاسییە ماوەی سێ ڕۆژە باری تەندرووستی ناجێگیرە و تا ئێستا لەلایەن بەرپرسانی زیندان هیچ پێداوێستییەکی پزیشکی بۆ دابین نەکراوە.
ناوبراو کۆتایی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی، لە گەڵ چەند هاوڵاتیی دیکەی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و پاش کۆتای هاتنی لێپرسینەوەکانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.
شایانی باسە ئیسماعیل محەممەدپوور ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەشەممەی ١٤٠٠ی هەتاوی لەگەڵ دوو هاوڵاتیی دیکە بە ناوەکانی “شەفیع محەممەدنژاد” و “خزر قادری ئازەر” بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە کران.
ئەو سێ هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی لە دادگای ئینقلابی پیرانشار بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی هەر کام بە ٥ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوون.