حوسێن شەرێعەتمەداری، سەرنووسەری ڕۆژنامەی کەیهان، لە بابەتێکدا لەسەر کۆتا ڕەشنووسی یەکیەتیی ئورووپا بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی نووسی: ئەو ڕەشنووسە کارەساتبارە و زەرەر وزیانی زۆری بۆ ئێران هەیە.
حوسێن شەرێعەتمەداری، نوێنەری عەلی خامنەیی و سەرنووسەری ڕۆژنامەی کەیهان، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، بەنووسینی بابەتێک لەو ڕۆژنامەیە، سەبارەت بە کۆتا ڕەشنووسی یەکیەتیی ئورووپا بۆ بە ئاکام گەیاندنی ڕێککەوتنی بەرجام، وتی: تیمی وتووێژی ئێران لە دژایەتیی ئەو ڕەشنووسەیان کردووە و وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن تا ئێستا هیچ ئاکامێکی نەبووە.
جێگەی ئاماژەیە کە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لە نێوان ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهانیدا بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی بەهۆی داواکارییە نابەجێیەکانی ڕێژیم ئێران ماوەی چەند مانگێک ڕاوەستابوو و لەسەر پیشنیار و هەوڵی یەکیەتیی ئورووپا دووبارە حەوتووی ڕابردوو ئەو وتووێژانە دەستیپێکردەوە و هۆکاری سەرەکیی دەسپێکردنەوەی ئەو دەورە نوێیە لە وتووێژەکان ئەوە بوو کە ڕێژیمی ئێران یەکێک لە پێش مەرجەکانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی کە لابردنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئەمریکادا بوو وەلا ناوە.
شەرێعەتمەداری لە بەشێکی دیکە لە بابەتەکەیدا نووسیویە کە تا ئێستا وتووێژەکانی ڤییەن هیچ گەرەنتییەکی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئێران و بە تایبەتیی لابردنی گەمارۆکانی لەسەر ئێران نەکردووە و هەروەها بە بێ ئاکام ماوەتەوە.
ناوبراو لە کۆتایی بابەتەکەیدا، سەرەڕای ئەوەیکە لێکۆڵەڕانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە ئێرانی بە سیخوڕ ناوبرد، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، ئیزن نەدانی ئێران بۆ سەردان و لێکۆڵینەوەی لێکۆڵەرانی ئاژانس لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران،، یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی وتووێژەکانی ڤییەن.