باڵوێزی پێشووی بریتانیا لە ئەمریکا دەڵێ: ئێرانییەکان زۆرترین ڕێژەی پەناخوازنی نایاسایی لە ڕێگای کاناڵی مانێشەوە لە فەرانسەوە بۆ بریتانیا پێکدێنن.
جان کێر، باڵوێزی پێشووی بریتانیا لە ئەمریکا دەڵێ: لە ماوەی ١٨ مانگی ڕابردوودا ٣ هەزار و ١٨٨ ئێرانی، کە زۆرترین ڕێژەی پەناخوازان بۆ بریتانیا بوون لە ڕێگای قاچاخەوە هاتوونەتە نێو خاکی ئەو وڵاتە کە لە نێو ئەو کەسانە تەنیا یەک کەس لە ڕێگای یاساییەوە هاتووە و داوای پەنابەریی کردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە سەتا ٧٠ی ئەو کەسانەی کە لە ڕێگای کاناڵی مانێشەوە تێدەپەڕن، ئەو پەناخوازانەن کە لە وڵاتانی شەڕلێدراو و هەژاری وەک ئێران، عێراق، سوودان و سووریەن.
بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی بەرگریی بریتانیا لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوو تا ئێستا زیاتر لە ١٣ هەزار پەناخواز بەشێوەی نایاسایی و مەترسیدار لە کاناڵی مانێشەوە هاتوونە بریتانیاوە.