پەردە لەسەر کتێبی “چیرۆکی دوای ئەشق” لە وەرگێڕانی ئەوین غوڵامی، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لادرا.
سەر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە ۱۷ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، بەئامادەبوونی بەشێک لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات کوردستان، لە کتێبخانەی گشتیی حیزبی دێموکرات، کۆڕی پەردەلادان لە سەر بەرهەمی کتێبی “ئەوین غولامی” بەڕێوەچوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕوحی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد و دواتر خاتوو ئەوین غولامێ وەرگێڕی کتێبەکە چەند وتەیەکی سەبارەت بە ناوەرۆکی کتێبەکە پێشکەشی ئامادەبوان کرد.
چیرۆکی دوای ئەشق یان (شیری ڕەش)ـە لە نووسینی (ئەلیف شەفەق) نووسەری تورک زمان، ڕۆمانێک پڕ لە وردەچیرۆک و ڕووداو و ژیانی تایبەتى ئافرەتان هەر لە منداڵییانەوە تا گەورەبوونیان.
دواتر شۆڕش غەفووری نووسەر و وەرگێڕ کە ئەرکی پێداچوونەوە ویراستاری کتێبەکەی لە ئەستوو گرتبوو چەند وتەیەکی پێشکەش بە ئامادە بوان کرد.