لەدرێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی ڕێژیم، ڕۆژی ڕابردوو ٧ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لەشارەکانی ئێران بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی شەممە ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لەدرێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و گەندەڵی ڕێژیمی ئێران ٧ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی وەکوو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی لە شارەکانی ئەهواز، ئەردەبیل و ئەراک لە بەردەم بینای ئیدارەی کار و دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکانیان بەڕێوەچوو.
هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە کارمەندانی ئیدارەی کارەبای پارێزگاکانی هورموزگان، خووزستان و تەورێز لەبەردەم ئیدارەی گشتی کارەبای پارێزگاکان و کۆمەڵێک لە دانیشتوانی شادگان، بەمەبەستی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە پچڕانی بەردەوامی کارەبا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.