لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کەس یان کەسانێکی نەناسراو دەستیان کردووە بە بڕینی دار و دارستانەکانی کوردستان و خەریکی شێواندنی ژینگەن.
بە پێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان(چاونیوز)، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بۆ چەندەمین جار بە شێوەیەکی تێکدەرانە کەس یان کەسانێکی هەلپەڕەست، دەستیان بە بڕینی داری سەیرانگاکانی شارەکانی شنۆ و پیرانشار کردووە.
بە پێی زانیاریی سەرچاوەیەکی چاونیوز، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، ئەمە چەندەمین جارە کەسانێکی نەناسراو بە شێوەیەکی نەشیاو دەستیان بە بڕینی دارەکانی سەیرانگاکانی “گەڵی گرکاشان، گادەر، چۆمی هەنگەوێ، ناوچەی باوەلە ” و ناوچەکانی دیکەی ئەو دوو شارە کردووە.
ئەو سەرچاوەیە وتی: بڕینی ئەو دارانە خەسارێکی زۆری لە ژینگەی کوردستان داوە و چەند کەسی هەلپەرەست لەم نێوەدا قازانجی لێدەکەن، ئەوە لە حاڵێکدایە ئۆڕگانە پێوەندیدارەکان وێڕای ئاگادار بوونیان هەتا ئێستا هەڵوێستی شیاویان لەهەمبەر ئەم کارە قیزەونە وەرنەگرتووە.
شایانی باسە کە سپای پاسداران و بەکرێگیراوانی و کەسانی هەلپەرەست بە هەموو شێوەیەک لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام و زۆر بێ بەزەییانە خەریکی تێکدانی ژینگەی کوردستانن.