شەهید محەممەدی مەلامینە
دەست لە ئەستۆی سەنگەر تا دوادڵۆپی خوێن
“هەبوون” یا “نەبوون”؟ ئەوە گرینگ نییە و تەنیا وەسوەسەیە، مەسەلەکە ئەوەیە کە “بوون” چییە و “نەبوون” چییە؟ زۆر کەس هەبوون و ئێستاش نین، زۆر کەسیش نەبوون و ئیستا هەن، کەواتە گرینگ “چۆن بوون”ە، ئینسان بە مانای گەورەکەی، لە هەر دەورێکدا تەنیا لە سیمای ژمارەیەکی کەم لە مرۆڤەکاندا خۆ دەنوێنێ.
بەڵی ئەم جۆرە مرۆڤانە کەمن، ئەوانەی ئاگاهانە پێ دەنێنە گۆڕەپانی خەبات بەدژی زۆڵم و ستەم و چەوسانەوە و ئامادەن گیانی خۆیان لەو ڕێگایەدا بکەنە قوربانی، ئەوان لەو ئینسانە هەڵکەوتووانەن. ئەوان لەو کەسانەن کە تەنیا لە هەوێنی مەحیبەت و عاتیفە و سەداقەت و پاکی دروست بوون، بۆیە کە دێنە گۆڕەپانی خەبات، بۆیان گرینگ نییە چییان بەسەر دێ و چارەنووس بۆ کوێیان هەڵداوێ. دڵیان تەنیا بەوە خۆشە کە لەو ڕێگایەدا چ بژین و ج بمرن ڕووسوور و سەربەرز و لەخۆبوردوو و قارەمانی نەتەوەکەیان بن. یەکێک لەو ڕۆڵە سەربەرزانەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە “هەگبەی شاخ و شۆڕش”ی ئەمجارەی “کوردستان”دا ڕێز لە یاد و ناوی دەگرین، شەهید محەممەد مەلا مینەیە لە ناوچەی پیرانشار.
محەممەدی مەلامینە ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی لە ئاوایی شیناوێ لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێشدا چاوی بە دنیای کوێرەوەرییەکانی ڕۆژگار کردەوە. قۆناغی منداڵیی لە باوەشێ دایك و باوکی خۆشەویستیدا تێپەڕاند و پاشان لە ٧ ساڵی ڕەوانەی قۆتابخانە کرا. ئەو زۆر زیرەکانە پۆلەکانی سەرەتایی خوێندنی بڕی، بەڵام لەبەر مەینەتییەکانی ڕۆژگار نەیتوانی لەوەندە زیاتر درێژە بە خوێندن بدا. محەممەد لە تەمەنی ١٣ ساڵییەوە هاتە گۆڕەپانی بەربەرەکانی لەگەڵ سەختییەکانی ژیان و شانبەشانی باوکی زەحمەتکێشی کاری دەکرد و پێکەوە نانێکی شەرافەتمەندانەیان بۆ بژێوی باشتری ماڵەوە پەیدا دەکرد.
محەممەد کە کەمێک گەورەتر بوو بۆ کار و دەسخستنی داهاتی زیاتر ڕووی لە شارەکانی دیکەی ئێران کرد و لە شیرکەت و کورەخانەدا ئارەقەی ڕشت، هەمووش بۆ ئەوەی بەسەربەرزی ژیان تێپەر بکا. ئەو گەڕان و هاتوچۆیە بۆ شارەکانی دیکە بوو بە هۆی ئەوە کە زیاتر هەست بە چەوسانەوەی خۆی و بێبەشیی گەلەکەی لە مافە ڕەواکانی بکا و پتر لەگەڵ ژان و ئازارەکانی ژیانی پڕهەڵاواردن تێکەڵ ببێ. بۆیە بە دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ١٣٥٧ دژی ڕێژیمی پاشایەتی گەڕاوە کوردستان و شانی بەر بەرپرسایەتیی نەتەوەیی خۆی نا. پاش ڕاگەیاندندنەوەی تیکۆشانی ئاشکرای حیزبی دیموکراتی کوردستان چەکی دیفاع لە پاراستنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردی دەست دایە و لە هێزی ئاوارەی ئەوکاتدا سازمان درا.
شەهید محەممەد مەلامینە کوڕێکی هێدی و هێمن و لەسەرەخۆ و هەر لەو کاتەدا پێشمەرگەیەکی ئازا و بەدەستوبرد بوو. ئەو وەک هەلۆیەکی بەرزەفڕ بەسەر دوژمندا زاڵ بوو، بەنەزم و بەدیسیپلین بوو، هەربۆیە لە ماوەیەکی کەمدا پلەکانی پێشمەرگایەتیی بڕی و ئەرکی سەرپەل و پاشان فەرماندەری لکی پێ ئەسپێردرا. محەممەد وەک فەرماندەیەکی لێزان و بوێر ئەرکەکانی بەڕێوە دەبرد. شەڕە حەماسیەکانی سۆغانلوو، بادیناوێ، قەڵاتەڕەش، قوڕووچاوێ، شنۆزەنگ، زەنگیاوێ، لاوێن، بەرکەمران و چەندین شەڕی قارەمانانەی دیکەی ناوچە کە لەژێر فەرماندەریی محەممەد مەلامینەدا بەڕێوە چوون، بۆ هەمیشە شاهیدی بۆ بوێری و لێهاتوویی ئەو قارەمانە کۆڵنەدەرە دەدەن.
شەهید محەممەد مەلامینە لە شەڕ لەگەڵ دوژمندا دوو جار بریندار بوو، بەڵام ئەو برینداربوونە هیچ شوێنەوارێکی لەسەر ورە و بیروباوەڕی دانەدەنا و پاش سارێژبوونەوەی برینەکانی دەمودەست دەگەڕایەوە سەنگەری تیکۆشان و خەبات. ئەو خۆشەویستی کۆمەڵانی خەلك بوو، ڕێزی لە خەڵک دەگرت و خەڵکیش خۆشیان دەویست. ئەو پێی وابوو ماندووبوون لە پێناو سەربەستی و ئازادی بۆ هەژارانی کورد بە هەموو بەهایەک و تەنانەت بە لەدەستدانی گیانی بە هەرزان دەزانی، چونکی باشی دەزانی ژیان بە ئازادی بۆ نەتەوەیەک چەندەی سەربەرزی پێوە دیارە؛ بۆیە لە هیچ فیداکارییەک خۆی نەدەپاراست. شەهید محەممەد ئاواتی ئەوە بوو کە ڕزگاریی نەتەوەکەی بە چاوی خۆی ببینێ، بەڵام بەداخەوە زۆرتر نەژیا تا خزمەتی زیاتر بە هەژارانی کوردستان بکا.
بەداخەوە لەرێکەوتی ١٤/٤/١٣٦٢ دەگەڵ تیمێک لە پێشمەرگەکانی لکی٣ی هێزی ئاوارە لە کۆنەخانێ لەبن شاری پیرانشار کەوتنە کەمینی دوژمنەوە وێڕای هاسەنگەرێکی بەناوی خودایاری قوڵیزادە دەکەونە بەر گوللەی دوژمن و شەهید دەبن.
شەهید محەممەد مەلامینە تیکەل بە کاروانی سوور خەڵاتی شەهیدانی کوردستان بوو، بەڵام لە دواساتەکانی ژیانیدا دڵنیا بوو کە ڕۆڵەکانی گەل ناهێڵن چەکی وی بکەوێتە عەرز و ئەم ڕێگایە و ئەم خەباتە پڕشانازاییە هەتا سەرکەوتنی دواجار و وەدیهاتنی خەونی محەممەدی مەلامینەکان درێژەی دەبێت.