٩ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی: سیناریۆی حکومەتی ئێران دژی ٤ چالاکی سیاسی کورد پڕۆژەیەکی مایەپووچ و سواوە
نۆ ڕێکخراوی کوردستانیی مافی مرۆڤ لە هەمبەر هەواڵی دەسبەسەرکرانی تیمێک لە ئەندامانی “کۆمەڵە” بە ناوەکانی “محەممەد فەرامەرزی، موحسین مەزلووم، پژمان فاتحی و وەفا ئازەربار” لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا نیگەرانیی خۆیانیان ڕاگەیاند.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: بەدوای ئەوەدا راگەیاندنەکانی سەر بە حکومەتی کوماری ئیسلامی ئێران بە پشتبەستن بە راپۆرتی “وەزاڕەتی ئیتلاعاتی ئێران” لەم پێوەندییەدا هەواڵی گرتنی تیمێک لە ئەندامانی “کۆمەڵە”یان بڵاوکردەوە.
ئەوەی هەر لە سەرەتاوە ئاشکرا بوو، راگەیاندنەکانی سەر بە دەوڵەتی ئیران بە مەبەستی چەواشەکاری و بەلاڕێدا بردنی بیروڕای گشتی، دەستبەسەرکرانی ئەم چالاکە سیاسییانەیان بە هەوڵدان بۆ کردەوەیەکی خرابکارانە و ترۆریستی ناودیر کرد و هاوکات حیزبەکانی کوردستانی بە هاوکاری کردن لەگەڵ ئیسڕائیل بۆ کردەوەی ترۆریستی تاوانبار کرد. راگەیاندنەکانی سەر بە دەوڵەتی ئیران بۆ ئەوەی سیناریۆی ئامادە کراوی وەزاڕەتی ئیتلاعاتی ئێران تەواو جێبخەن رایانگەیاند کەلوپەل و پێداویستییەکانی ئەو تیمە لە رێگای کۆڵبەرانەوە هاتۆتە ناو ئیرانەوە.
هەرچەندە ماوەی چەند رۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئەم چوار چالاکە سیاسیەی ئەندامی کۆمەڵە تێدەپەڕێ، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان، بەڵام هیچ زانیارییەک لە سەر بارودۆخی ئەم چالاکە سیاسییانە لەبەردەستدا نییە.
ئەم چوار چالاکە سیاسییە کە لە هەموو مافە سەرەتایی و سروشتی و ئینسانییەکانیان بێ بەش کراون هەوەها بەلەبەرچاوگرتنی راگەیاندنەکانی پێشووی وەزاڕەتی ئیتلاعات و لێدوانەکانی ئەم دواییانەی وەزیری ئیتلاعات لە مەجلیس و لە سەفەرەکەیدا بۆ کوردستان و پارێزگای سنە، شیمانەی ئەوە دەکرێ ناچار بە ئێعتڕاف و دانپێدانانی زۆرەملیان بکەن و سنیاریۆسازی ناوەندە ئەمنییەکانی دژی ئەم چالاکە سیاسییانە لە ئارادایە.
هەروەها بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی حکومەتی ئێران حزبەکانی کوردستانی بە “هەوڵی ترۆریستی” تۆمەتبار کردووە و لە بەشێک لە راگەیاندنەکەی “وەزاڕەتی ئیتلاعات”دا لەمبارەوە هاتووە کە: “کەلوپەل و پێداویستی ئەم تیمە لە رێگای کۆڵبەرانەوە هاتووەتە خاکی ئێرانەوە.” پێمان وایە سیناریۆسازی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە راستای رەوایی دانە بە هێرشی چاوەڕوانکراو بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبەکانی کوردستان و سەرکوتی چالاکانی سیاسی و مەدەنی کوردەستان، کوشتاری کۆڵبەران و درێژەدان بە قەتڵ و کوشتار لە کوردستان و خەڵکی ستەملێکراو لە ئێران.
ئێمە کۆمەلێک رێکخراوی مافی مرۆڤی بەلەبەرچاوگرتنی پێشینەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بابەت ناچار کردن بە ئێعتڕاف و دانپێدانانی زۆرەملی و سیناریۆسازی لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاری جۆراوجۆر و شاهیدی زۆرەملی بەندکراوان دژی خۆیان، نیگەرانی قوڵی خۆمان لە پێوەند لەگەڵ کەیسی ئەم چوار چالاکە سیاسییە دەردەبڕین و لە سەر ئەم باوەڕەین دەبێ پڕۆسەی دادگایی ئەم چوار چالاکە سیاسییە بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامەی نێونەتەویی مافە مەدەنی و سیاسییەکان بە چاوەدێری وردی کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بەڕێوەبچێ، دەنا هەر جۆرە تۆمەت و ئێعتڕاف و دانپێدانانێک نایاسایی و ناپەسەندە.
١: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
٢: ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ رۆژهەڵات کوردستان “چاونیوز”
٣: رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
٤: کەمپەینی پشتیوانی لە بەندکراوانی سیاسی و نا بۆ سێدارە
٥: ناوەندی مافی مرۆڤی ئەحواز
٦: کەمپەینی چالاکانی بلووچ
٧: ناوەندی هاوپشتی ئێرانیان
٨: ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان
٩: کەمپەینی پارێزگاری لە بەندکراوانی سیاسی و مەدەنی
٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٢ی میلادی