عەبدوڵڵا شەریفزادە خەڵکی سەقز و ئەندامی ئەنجومەنی شاخەوانیی هەڵۆ، لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە شاری سەقز دەسبەسەر و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بە پێی هەواڵی ئانجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان( خۆڕاگری)، ڕۆژی سێشەممە ١١ی گەڵاوێژی١٤٠١ی هەتاوی هاوڵاتیەکی خەڵکی سەقز بە ناوی عەبدوڵڵا شەریفزادە، ئەندامی ئەنجومەنی شاخەوانیی هەڵۆ لەلایەن ئیتلاعاتی رێژیمەوە لەو شارە دەسبەسەر و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بە پێی زانیارییەکانی خۆڕاگری، چەکدارانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی هێرشیان کردووتە سەر ماڵی ئەو هاوڵاتییە و پاش دەسبەسەرکرانی ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر هێندێک کەڕەستەی کەسیی ناوبراودا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
شایانی باسە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لە هۆکاری دەسبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەو هاوڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.