وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران دەڵێ: بە کاردانەوە لەهەمبەر گەمارۆکانی ئەمریکا، گاز پێدان بە سانتریفیوژەکانمان دەسپێکردووە.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١١ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژکدا لەگەڵ هەواڵدەریی “ئیسنا” سەرەڕای هۆشدار بە ئەمریکا و وتنی ئەوەیکە ئەگەر ئەمریکا گەمارۆگەلێکی زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنێ، ئەوە ئێران دەستی بەسراو نابێ و کاردانەوەی دەبێ، ڕایگەیاندووە کە، ئێران بڕیاری داوە بە کاردانەوە لەهەمبەر گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا بەدژی ئێران، گازپێدان بە سەدان سانتریفیوژی نوێ لە دامەزراوە ناوکییەکان دەست پێ بکا.
هەرلەم پێوەندییەدا ماڵپەڕی” نوور نیوز” نزیک لە شۆرای باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا نووسی: ئەو سانتریفیوژگەلەی کە ئێران ڕایگەیاندوە گازپێدانی دەسپێکردووە کە لە جۆری” ئای ئاڕ ١ و ئای ئاڕ ٦”ە کە پێشتر لە ژێر زەوینی دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز دامەزرابوون.
جێگەی ئاماژەیە کە وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا، ٦ کۆمپانیای بازرگانیی بەهۆی هاوکاریی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و فرۆشتنی نەوت و بەرهەمەکانی پێترۆشیمی ڕێژیمی ئێران خستە لیستی گەمارۆکانەوە.