ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی خۆراک لە ١٠ پارێزگای ئێران گەیشتە سەرووی سەتا ٩٠ لە قەزوین و ئەلبۆرزیش گەیشتە سەتا ٩٨.
ناوەندی ئامار لە مانگی گەلاوێژ “ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی خۆراک و خواردنەوەکان”ی بە سەتا ٥٤.٦ی ڕاگەیاند کە دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران دەریدەخات لە پارێزگاکانی گێڵان، مازندەران، تەورێز، ورمێ، خوراسانی ڕەزەوی، هەمەدان، لوڕستان، سمنان، قەزوین و ئەلبورز ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مانگی گەلاوێژدا گەیشتووەتە زیاتر لە سەتا ٩٠ و لە پارێزگاکانی ئەلبورز و قەزوین ئەم پێوەرە بۆ سەتا ٩٨ زیادی کردووە.
بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی گروپی خۆراک و خواردنەوە لە مانگی گەلاوێژدا سەر بە پارێزگای قەزوینە بە ڕێژەی سەتا ٩٨.٣ و لە دوای ئەویش پارێزگای ئەلبۆرزە كە ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ سەتا ٩٧.٩بووە و ڕێژەی هەڵاوسان لە پارێزگای ورمێش گەیشتووەتە سەتا ٩٠.