هاوکات لەگەڵ گەڕی نوێی گوشارەکان بەدژی هاوڵاتییانی بەهایی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، چەندین هاوڵاتیی بەهاییان دەسبەسەر و خانووی ٢٠ کەس لە بەهاییەکانیان پشکنیوە.
دایان عەلایی، نوێنەری کۆمەڵگەی جیهانیی بەهاییەکان لە ڕێکخراوی نەتەوەی یەکگرتووەکان، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، سەبارەت بەدەسبەسەرکرانی هاوڵاتییانی بەهایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەسبەسەرکرانی سێ کەس بەناوەکانی” فەریبا کەماڵئابادی، مەهوەش شەهریاری و عەفیف نەعیمی” لە بەڕێوەبەرانی پێشووی کۆمەڵگەی بەهاییەکانی ئێران ناسراو بە” یاران” نووسی: ئایا ١٠ ساڵ بەندکرانی نادادپەروەرانەی ئەو کەسانە بۆ ڕێژیمی ئێران بەس نەبوو کە دووبارە دەسبەسەریانی کردۆتەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە لە هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر هاوڵاتییانی بەهایی لە شارەکانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە زیاتر لە ١٥ هاوڵاتیی بەهایی لە شارەکانی تاران، کەرەج، قەزوێن و ساری لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و خانووی ٢٠ هاوڵاتیی دیکەی بەهایی پشکێندراوە.
هەرلەم پێوەندییەدا وەزارەتی دەرەوەی کانادا لە لاپەڕەی فەرمیی ئەو وەزارەتخانەیە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسی کە وڵاتی کانادا لە تەشەنەسەندنی ئازار و دەسبەسەرکرانی هاوڵاتییانی بەهایی کە بە شێوەیەکی سیستماتیک لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەڕێوە دەچێ نیگەرانە و داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە کە مافی هاوڵاتییانی بەهایی پێشیل نەکەن و ڕێزیان لێبگرن.