لەدرێژەی مانگرتنی لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە پارلمانی عێراق، سەدر ئازادکردنی “ناوچەی سەوز”ی بە یەکەمین هەنگاو بۆ شۆڕش و کاتێکی گونجاو بۆ ئاڵوگۆری گەورەی سیاسیی لە عێراق ناوبرد.
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، شەوی یەکشەممە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لە پەیامێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە وتی: یەکەمین شۆڕشی خەڵک کە ناوچەی سەوز لە بەغدای ئازادکرد، بۆ هەموو خاڵکی عێراق کاتێکی گونجاوە کە کۆتایی بە زوڵم و گەندەڵی بێنن و ئاڵوگۆڕێکی گەورە لە نیزامی سیاسیی عێراقدا پێکبهێنن.
ناوبراو لەدرێژەی پەیامەکەیدا داوای لەهەموو خەڵکی عێراق کرد کە یارمەتیی ئەو شۆڕشە بکەن، ئێستا کاتێکی هەستیارو گرینگە بۆ ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە نیزامی سیاسیی، یاسای بنەڕەتی و هەڵبژاردنەکان لە عێراقدا.
جێگەی ئاماژەیە کە لایەنگرانی سەدر، ڕۆژی شەممە ڕۆیشتنە ناوچەی سەوزی بەغدا و بە پاشەکشە کردن بە هێزە چەکدارەکانی عێراق، پارلمانی عێراقیان داگیر کرد و ڕایانگەیاند کە تا ئەو کاتەی خواست وویستەکانیان جێبەجێ نەکرێ پارلمانی عێراق بە جێناهێڵن.