بەرپرسی تیمی وتووێژی ڕێژیمی ئێران، دوایین پێشنیاری یەکیەتیی ئورووپای بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی، بە پێشنیارێکی دیکە ناڕاستەخۆ ڕەت کردەوە.
عەلی باقری کەنی، بەرپرسی تیمی وتووێژی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، سەبارەت بە دوایین پێشنیاری یەکیەتیی ئورووپا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی نووسی: ئێمە بەرنامە پێشنیارییەکانی خۆمان لە هەموو بوارێکەوە بە مەبەستی چارەسەر کردنی خێرای کێشەکان و ئەو زەربەگەلەی کە ئەمریکا بە هاتنەدەرەوەی لەو ڕێککەوتنە گەیاندویەتیە بەرجام، داومانە بە هەیئەتی وڵاتانی بەشدار لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن.
هەر لەم پێوەندییەدا جۆزیڤ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەروەی یەکیەتیی ئورووپا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە بووژانەوە و یان شکستی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران وتی: ئەو ڕەشنووسەی کە ئێستا ئامادەکراوە و لەسەر میزی وتووێژەکانە بەهیچ جۆرێک دەسکاری ناکرێ و هیچ بابەتێکیشی پێوە زیاد ناکرێ، بۆیە ئێران دەبێ ئەو ڕێککەوتنە واژۆ بکا و پێبەند بێ بە بەڵێنە ناوکییەکانی.
لە لایەکی دیکەوە یەعقووب ڕەزازادە، ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتەکانی دەرەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران وتی: بە ئەگەری زۆرەوە گەڕێکی نوێ لە وتووێژەکان بۆ بووژاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لە ڤییەن دەسپێدەکاتەوە.