لە کاتێکدا قیران و کارەساتی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئێرانی گرتۆتەوە، ڕەئیسی “دەڵێ دەوڵەتەکەی سوورە لە سەر ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ بێحیجابی.
هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی نارەزایەتییە گشتییەکان لە ئێران بەنیسبەت پەرەسەندنی چالاکیی “گەشتی ئیرشاد” و ئەوەی کە ناوی پۆلیسی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی،یان، لە سەر داناوە، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ڕێژیم وتی: کە دەوڵەتی ئەو سوورە لە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی بێحیجابی.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی راگەیاندنی سەرۆککۆماریی ڕێژیمی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی ناوەندی دەسەڵاتداریی “بووژانەوەی امر بە معروف و نهی از منکر” کە لەژێر چاوەدێریی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی ڕێبەریی ڕێژیمدا بەڕێوە دەچێ و ڕایگەیاند کە ئەرکی یاسایی دەوڵەتەکەی و دامودەزگاکانی بەڕێوەبەریی وڵات “جێبەجێکردنی یاسای بانگەشە بۆ چاکە و دووری لە خراپەیە”.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کەمپەینگەلێکی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ “حیجابی زۆرەملێ” لە نێوان شارۆمەندانی ئێرانی پەرەی سەندووە و لە بەرامبەردا بەتوندترین شێوە و بەنێوی بانگەشە بۆ دوژمن، بەشێک زۆر لە ناڕازییان دەسبەسەر کراون و لە چارەنووسی هەندێک لەو دەسبەسەر کراوانە هیچ زانییارییەک لە بەر دەستدا نییە.
جێی ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەکاتی هاتنە سەرکارییەوە تا ئێستا لە دژایەتی کردن لەگەڵ ژنان بەردەوام بووە و ژنانی ئێران لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان بێبەشن.