لەدرێژەی گۆشارە نێونەتەوەییەکان، بەمەبەستی بەئاکام گەیاندنی وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و کۆنترۆڵکردنی چالاکییە ناوکییەکانی ئێران، جۆزێڤ بۆرێڵ داوای لە بەرپرسانی ئێران کردووە کە بە خێراترین کات ڕێککەوتنەکە واژۆ بکەن.
جۆزیڤ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەروەی یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی شەممە ٨ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە بووژانەوە یان شکستی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران وتی: ئەو ڕەشنووسەی کە ئێستا ئامادەکراوە و لەسەر میزی وتووێژەکانە بەهیچ جۆرێک دەسکاری ناکرێ و هیچ بابەتێکیشی پێوە زیاد ناکرێ، بۆیە ئێران دەبێ ئەو ڕێککەوتنە واژۆ بکا و پێبەند بێ بە بەڵێنە ناوکییەکانی.
بەرپرسی سیاسەتەکانی دەروەی یەکیەتیی ئورووپا لەدرێژەدا داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە تاران کرد کە بە خێراترین کات ئەو ڕەشنووسە واژۆ بکەن و ئێستا کاتی بڕیاردانی خێرای سیاسییە و دەبێ هەموو لایەنەکان بە تایبەتی ئێران ئەو ڕەشنووسە قەبووڵ بکەن.