موقتەدا سەدر و لایەنگرانی پێشیان بە نەخشەڕێگای سیاسیی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران بۆ عێراق گرت.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی عێراق، ڕۆژی هەینی ٧ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، ژمارەیەک لە لایەنگرانی “موقتەدا سەدر” سەرۆکی ڕەوتی سەدر کە خاوەنی زۆرینەی ئەندام پارلمانی عێراقە، هەڵیانکوتاوەتە سەر بنکەی ڕەوتی “حیکمە” کە عەممار حەکیم سەرۆکایەتیی دەکا و سەربە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە شاری بەغدا.
لایەنگرانی موقتەدا سەدر سوورن لەسەر ئەوەیکە نابێ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستێوەردان لە کاروباری دەوڵەتی عێراقدا بکا.
لە درێژەی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی بەغدا بە دژی میلیشیاکانی سەربە ڕێژیمی ئێران، ئیسمائیل قائانی، فەرماندەی سپای تێرۆریستی قودسی ڕێژیم، بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخەکە سەردانی بەغدای کرد بەڵام پەلەقاژەکانی ناوبراو هیچ گرینگییەکی نەبووە و خۆپیشاندەرانی زۆرتر تووڕە کردووە.
لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە دروشمەکانی خۆپیشاندانەکانیاندا دەڵێن کە سپای تێرۆریستی پاسداران هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری دۆخی عێراقە و داوا دەکەن هیچ کەس و لایەنێکی سەربە کۆماری ئیسلامی نابێ بەربژێر بێ بۆ پۆستی حکوومەتی لە دەوڵەتی عێراقدا.