کاک عەبدوڵا ئیمامی ناسراو بە عەوڵای میرزاقاسم،باوکی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لەناوچەی شنۆ کۆچی دوایی کرد .
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان،بەرەبەیانی رۆژی سێ شەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، کاک عەبدوڵا ئیمامی ناسراو بە عەوڵای میرزاقاسم،باوکی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لەناوچەی شنۆ کۆچی دوایی کرد.
مام عەوڵا لە بنەماڵەیەکی نیشتمان پەروەر و ئایینی چاوی بە دونیا هەڵێناوە، ناوبراو کەسێکی خۆش نێو و نیشتمانپەروەر بوو ، هەر زۆر زوو هەستی بەزوڵم و زۆری داگیرکەرانی نیشتمانەکەی کرد و هەر لە تەمەنی لاوەتییەوە هەستی کوردایەتی و نیشتمان پەروەری لە دڵیدا چەکەرەی کرد، هێشتا تەمەنی ١٦ ساڵ بوو کە ئازادی نیشتمانەکەی بەچاوی خۆی دیت و بووە مایەی دڵ خۆشی بۆ مام عەوڵا کە دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد بوو .
مام عەوڵا هێندە دڵ گەرم بوو بەو سەرکەوتنە هەر لە ڕۆژی دووی رێبەندان دا خۆی گەیاندە شاری مەهاباد و خۆی خستە ناو ئاپۆڕای خەڵک و لەو رۆژە مێژووییەدا بە دیداری پێشەوا قازی محەممەد شاد دەبێ ،
مام عەوڵا کاتێک هەستی بەوە کرد کە کوڕەکەشی هەستی نیشتمان پەروەرانەی لە دڵدا هەیە و لەساڵی ١٣٨٣ بۆتە ئەندامی تەشکیلاتی و کاری نهێنی دەکا و هەر لەو کاتەدا کە کوڕەکەی ئاشکرا دەبێت بۆ ئەوەی کە نەکەوێتە دەستی جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک بابێکی نیشتمان پەروەر و گەل خۆشەویست بۆ خۆی بەدەستی خۆی کوڕەکەی بە ناوی قادر ئیمامی بەدڵێکی فراوانەوە ڕەوانەی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی دەکات.
مام عەوڵا گەلێک شانازی بەخۆی دەکرد کەباوکی پێشمەرگەیەکی دێموکڕاتە، لەناو خەڵکی شاری شنۆ و دەورووبەر ڕێزێکی زۆریان لێدەگرت وخۆشەویستی ناوچەکە بوو، مام عەوڵا هەمیشە ئاواتی ئەوە بوو کە گەلەکەی بەئامانج بگات و بە چاوی خۆی جارێکی دیکە نیشتیمانی بە ئازادی ببینێتەوە بەڵام مخابن مام عەوڵا لەتەمەنی ٩٢سالی لەئاوایی گرکاشان بە هۆی پیری و نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و هەموو خەڵکی کوردپەروەری ناوچەی شنۆ دەکەین و بەشداری خەمیانین.