له چوارچێوه‌ی ڕێزگرتن له ناودارانی فه‌رهه‌نگی‌و هونه‌ریی شاری بۆکان‌دا ڕێز له مامۆستا مسته‌فا شێرزاد، شێوه‌کاری ناودارو خۆشناوی ئه‌و شاره نرا.
له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا که ئێواره‌ی چوارشه‌ممه، ٢٩ ی بانه‌مه‌ڕ به‌به‌شداریی کۆمه‌ڵێک له به‌رپرسانی شاری بۆکان‌و سه‌دان که‌س له خه‌ڵکی فه‌رهه‌نگ‌دۆستی ئه‌و شاره له ساڵۆنی “سیمورغ” به‌ڕێوه‌چوو، عه‌لیڕه‌زا ڕادفه‌ر، جێگری سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تیی پارێزگاری ورمێ؛ جه‌ماڵ خوسره‌وی، فه‌رمانداری بۆکان، دوکتور مێهری پاکزاد، مامۆستای زانکۆ له مه‌هاباد؛ مامۆستا فه‌ردین سادق‌ئه‌ییوبی، مامۆستای شێوه‌کاری ناوداری ئێران؛ مامۆستا محه‌ممه‌د ناهیدو؛ ئاوات دوکاندار، به‌رپرسی کۆمیسیۆنی فه‌رهه‌نگیی شوڕای شاری بۆکان له سه‌ر که‌سایه‌تیی به‌رزی هونه‌ری‌و کۆمه‌ڵایه‌تیی مامۆستا مسته‌فا شێرزادو پێگه‌ی هونه‌ر له کۆمه‌ڵگای کوردستان‌دا قسه‌یان کرد.
له به‌شی هونه‌ریی ڕێوڕه‌سمه‌که‌ش‌دا چه‌ند بڕگه‌یه‌کی مۆسیقی پێشکێش به ئاماده‌بووان کرا، پاشان به پێدانی ته‌ندیس‌و له‌وحی ڕێزلێنان به مامۆستا مسته‌فا شێرزاد؛ ڕێز له ته‌مه‌نێک خزمه‌تی هونه‌ری‌و په‌روه‌رده‌یی ئه‌و ناوداره‌ی کورد گیرا.
له بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا پیشانگایه‌ک له به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کانی مامۆستا مسته‌فا شێرزاد به ڕووی به‌شداران‌دا کرانه‌وه.
مامۆستا مسته‌فا شێرزاد ساڵی ١٣٢٠ له گوندی یه‌کشه‌وه‌ی بۆکان له دایک بووه. شێوازی هونه‌ریی مامۆستا شێرزاد له شێوه‌کاری‌دا ڕێچکه‌کانی ناتۆرالیسم، ریئالیسم، ڕۆمانتیک‌و ئه‌مپێرسیونیسم بووه‌و له زیاتر له ٥٠٠ به‌رهه‌م‌و تابڵۆی که‌م‌وێنه‌دا هه‌وڵی زیندووڕاگرتنی فه‌رهه‌نگ، که‌له‌پوورو داب‌و نه‌ریتی کوردیی داوه.