کاروانچییەکی خەڵکی پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لە دەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستانو کورد لە پیرانشار شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، ٣٠ ی بانەمەڕ هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە پشت گوندی زیوکەی پیرانشار لە شوێنێک بەناوی ” بەربەزێر” تەقەیان لە پۆلێک کاروانچی کرد.
لەو پەلامارەی هێزە چەکدارەکانی رێژیمدا کاروانچییەک بە ناوی عەباس ئاتەشبار، کوڕی خدر کوژراوە.
عەباس ئاتەشبار یەکێک لەو کاسبکارانەی ناوچەی پیرانشار بوو کە بەهۆی بێکاریو بێدەرەتانی ڕووی لە کاری پڕ مەترسیی کاروانچێتی کردبوو. ئەو لەگەڵ ئەوەی دەیزانی کە ساڵانە بە دەیان کۆڵبەری کورد بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لەدەست دەدەن، بەڵام لە ڕووی ناچاری ڕووی لەو کارە کردبوو.
شایانی باسە ڕەوتی کوژرانی کاسبکارانی کورد لە ناوچە سنوورییەکان لە حاڵێکدا درێژەی هەیە، کە ساڵی ڕابردوو ٧٢ کۆڵبەرو کاروانچیی کورد بە تەقەی هێزەکانی رێژیم گیانیان لێ ئەستێندرا.