سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل وتی: مەرج نییە ئاخووندەکان بۆ هەمیشە لە سەر ئێران حوکم بکەن و ڕۆژێک دەڕووخێن و دەبێ بە هێزەوە ڕووبەڕوویان ببینەوە و کۆتایی بە دەسەڵاتیان بهێنین.
ڕۆژی سێشەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، ئێهوود باراک، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری دەوڵەتی ئیسرائیل، لە بابەتێکدا بە ناونیشانی “ئێران خەریکە دەبێتە وڵاتی ناوکیی” بۆ ڕۆژنامەی “تایمز”ـی نووسی، وتی: بە ئەگەری زۆرەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هاوینی ئەمساڵدا دەبێتە خاوەن چەکی ناوکیی و بەرنامەی ناوکیی تاران خەریکە دەگاتە خاڵێک کە گەڕانەوەی نییە و ئیدی هێرشکردن بۆ سەریشی کاریگەریی نابێ، دەبێ لە ئێستادا هەموو وڵاتانی هاوپەیمان و وڵاتانی ئەندام لە بەرجام بە یەکگرتوویی و بە جیدییەتەوە هێرش بکەنە سەر بەرنامە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران و بە تەواوی لە ناوی ببەن و دەنا هیچ ڕێگایەکی دیکە نەماوە و دەبێتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر کۆمەڵگەی جیهانیی.
ناوبراو لە بابەتەکەیدا هۆشداری داوە کە کاتی بینینی ڕاستییەکان گەیشتووە و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بێ گوێدان بە یاسا نێونەتەوەییەکان لە کۆتا قۆناغەکانی دەستپێڕاگەیشتنی چەکی ناوکیی خۆیەتی و ئەگەر وڵاتانی دژبەری چەکی ناوکیی تاران، بێدەنگ بن بێگومان کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هاوینی ئەمساڵدا دەبێتە خاوەن چەکی ناوکیی.