خالید فەرەیدوونی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد، پاش ٢٢ ساڵ بەندکران لە بندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.
بە پێی هەواڵی چاونیوز،ڕۆژی سێشەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠١، “خالید فەرەیدوونی” بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد کە پێشتر بە تۆمەتی”محاربە”لە ڕێگای ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای بەندکرانی هەتا هەتایی بەسەردا سەپێندرابوو پاش ٢٢ ساڵ بەندکران دوای دەرچوونی لیخۆشبوونی گشتیی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
جێگای ئاماژەیە کە “خالید فەرەیدوونی” پێشتر لەگەڵ هاونیشتمانییەکی دیکە بە ناوی “عومەر فەقێپوور” ڕۆژی ١٠ی خەرمانانی ١٣٧٩ی هەتاوی، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەرکرابوون و سەرەتا لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد بە تۆمەتی محاربە و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، سزای سێدارەیان بە سەرداسەپا و پاش چەند ساڵ لە دادگای پێداچوونەوەدا و لە ڕۆژی ١٠ی بانەمەڕی ١٣٨٤ سزاکەیان بۆ زیندانیی هەتاهەتایی گۆڕدرا.
ئەو دوو بەندکراوە سییاسییە ڕۆژی ١٢ی سەرماوەزی ١٣٨٦ی هەتاوی لە سەر دەستێوەردانی ناوەندە ئەمنییەکان لە دۆسییەکەیان بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری کەرەج دوور خرابوونەوە و دواتر ڕۆژی ٢٤ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی شاری ورمێ کرابوونەوە.