جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەروە و ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئورووپا، وتی: لە ئێستادا بژاردەیەکی باش لەسەر میزی وتووێژدا هەیە، ڕێژیمی ئێران هیچکات لەوە باشتری دەست ناکەوێ.
ڕۆژی سێشەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەروەی یەکیەتیی ئورووپا، لە بابەتێکدا بۆ ڕۆژنامەی “فایننشال تایمز”ـی نووسی کە، دوای تێپەڕبوونی یەک ساڵ لە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ناوکیی، لایەنەکان گەیشتبوونە باشترین ڕێککەوتن، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بەڵێنەکانی پێبەند نەبوو و پێشێلکاریی یاسایی ڕێککەوتنی کرد، بۆیە ئەوەی کە لەسەر میزی وتووێژدا هەیە هیچ کات تاران لەوە باشتری دەست ناکەوێ.
هەر لەو بارەیەوە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دا کە بوونی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە دانوستانەکانی ڤیەن تەنیا تاکتیکێکە بۆ کوشتنی کات و بۆ بەرەوە پێش بردنی بەرنامەی ناوکیی.
بۆرێل لە درێژەی بابەتەکەیدا ئاماژەی بە مەترسیی دەست پێڕاگەیەشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکیی کردووە و داوای لە لایەنەکانی دیکەی ئەندام لە بەرجام کردووە کە، پێش بە دروستکردنی چەکی ناوکیی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بگرن، دەنا بە شێویەکی مەترسیدار دەبێتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر جیهان بە گشتی و وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی، لە هەمانکاتیشدا وتی: ئەگەری ئەوە نەماوە کە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بکرێ ڕێککەوتنەکان بە شێوەیەکی بەرچاو هیچ دەرفەتێکیان بۆ نەماوەتەوە و تەنیا کارێک کە دەکرێ ئەنجام بدرێ ئەوەیە کە بە هەموو لایەنەکانەوە پێش بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بگرن.